گەلی كوردستان هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی نابێت

Kurd24

شتێکی سروشتییە ئەگەر گەلێ جەخت لە بەرگریکردن لە مافەکانی خۆی بکات و دەستبەرداریان نەبێت، بە تایبەتی ئەگەر ئەو مافانەی رەوا بن، بەڵام سنووریان بۆ دانرابێ و پێشێل بکرێن.

مافە دەستوورییەکان بریتین لەو مافانەی، کە دەستوور لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵ بۆ گەلی کوردستان مسۆگەری کردووە. ئەو مافانە لە رێگەی یاسا و رێساکان بەهێز دەکرێن و پاراستنی یاساییان پێ دەبەخشرێت و پەیڕەوکردنیان رێکدەخرێ.

دەست هەڵنەگرتن لەو مافانە، مانای ئەوەیە، کە ئێمە وەکو گەلی کوردستان کۆڵ نادەین، سەرەڕای هەموو ئەو فشار و هەڕەشانەی، کە بە بەردەوامی لە لایەن نەیاران و دوژمنانی گەلەکەمان دەخرێنە سەرمان، بە مەبەستی ملکەچ کردنمان و سنووردارکردنی ئەو مافانە.

ئاشکرایە، کەوا لە عێراقدا پەرەسەندنێکی نەرێنی هاتۆتە ئاراوە، ئەوەش دوای ئەوەی دامەزراوەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان لاواز و بنکۆڵ کران و سەرۆکایەتی کۆمار بوو بە جەستەیەکی بێ ناوەڕۆك، ئینجا رۆڵ درا بە دادگای باڵای فیدڕال، تا وەکو ئامرازێکی نەرێنی و چالاك کار بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندەی دەرەکیی و سەپاندنی ویست و ئیرادەی هێزێکی هەرێمی، بۆیە بە روونی بڕیارەکانی بریتین لە لێدانی هەموو ئەو هەوڵانەی، کە دەدرێن بۆ چەسپاندنی فیدڕاڵییەت و بڵاوبوونەوەی دیموکراسی و بەرز راگرتنی بەهاکانی تری پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ.

دەووترێ هاوپەیمانان و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا پشتگیری لە عێراقێکی فیدڕاڵ و یەکگرتوو و گەشەسەندوو و خاوەن سەروەری دەکەن، بەڵام ئەمڕۆ هیچ هەوڵێکی نێودەوڵەتیی و ناوخۆیی نابینڕێ بۆ رێگریکردن لەو پێشێلکاریانەی دادگای فیدڕال و میلیشیا شیعەکانی دەرەوەی دەستوور بەرامبەر بە گەلی کوردستان دەیکەن، ئەمڕۆ پاڵپشتی نێودەوڵەتی بە پێی پێویست نییە، بۆ زامنکردن و پاراستنی مافی گەلی کوردستان و تۆکمەکردنی فیدڕاڵییەت.

گروپە میلیشیاکانی دەرچوو لە یاسا و خاوەن دۆکترینی تایفەگەریی و گوێڕایەڵ بۆ فەرمانی دەرەکی بە بەردەوامی و بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازێکی نا دیموکراتی هێرش دەکەنە سەر کیانی هەرێمی کوردستان و مەبەستیانە پێگەی هەرێم لاواز بێت و رێگری دەکەن لە دروستبوونی کەشێکی ئەرێنی بۆ بەهێزکردنی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، تا فەرهەنگی پێکەوەژیانی ئاشتیانە نامۆ بێت و دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵگەیی دەستەبەر نەکرێن و پاشاگەردانی ببێت بە مۆدێلێ بۆ حوکمڕانی لە عێراق و ناوچەکە.

دیارە گەلی خەباتکاری کوردستان، کە ویستی ئازادی و رزگاری هەیە، ئەم ژێر دەستیی و زەلیلییە قبوڵ ناکات و بە یەك دەنگ و بە ئیرادەیەكی پۆڵایین دژ بەو هەوڵانە رادەوەستێ و بەرگری لە مافەکانی دەکات.

هەروەها هەرێمی كوردستان توانیویە لە سایەی کابینەی نۆیەمی حکومەت بە رێزگرتن لە پرنسیپە سەرەکییەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و بە پاراستنی ئەزموونی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان نەتەوە و پێکهاتە ئاینییەکان ئەو راستییە بسەلمێنێ، کەوا گەلی کوردستان ئامادەیە و سەرکەوتوو دەبێ لە پەیڕەوکردنی نموونەی دەوڵەتی نەتەوە، کە ئەمڕۆ مەرجێکە لە مەرجەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی نوێ.

بە دڵنیاییەوە جەختکردنی سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی، لەسەر پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی فەلسەفەیەكە بۆ رێگریکردن لە درووستبوونی هەڕەشە بۆ سەر یەکڕیزی نیشتمانی و ئاسایش و سەقامگیری. ئاشکرایە، کەوا ناسنامەی نیشتمانی کۆمکار دەبێتە مایەی بڵاوبوونەوە و رەگداکوتانی چەمکی هاوڵاتیبوون و یەکسانی ماف و ئەرکەکان.

ئێمە پێمانوایە گەلی خۆڕاگری کوردستان ریگە نادات مێژوو و ناسنامە و ئاسایشی بکرێت بە ئامانج و سەربڵندانە کار دەکات بۆ پووچەڵکردنی هەوڵی ئەو لایەنە نانیشتمانیانەی، مەبەستیانە کوردستان لەناو قاوخێکی تەسك بمێنێتەوە و خاك دابەش بێت.

بێ گومان مێژووی كوردستان و خاکی كوردستان خاڵی هاوبەش و مێژوو و جوگرافیای گەلی كوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، رێگە نادرێت لەت لەت بکرێت.

چۆن بێ ئابڕویانە داوا لە گەلی كوردستان دەکرێ ملکەچی فەرمانە ناڕەواکانی دادگای باڵای فیدڕاڵ و نیەتی شەڕانگیزی ئەو لایەنانە بێت لە بەغدا، کە بۆ دواوە هەنگاو دەنێن و توانای قبوڵکردنی فەرهەنگی بەرزنرخاندن و رێزگرتن لە بەرامبەریان نییە و بە بەردەوامی هەڕەشە لە ئاسایشی تاك و فەلسەفەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان دەکەن، ئەو کۆمەڵگەیەی دان بە هەموو جیاوازییەکان دەنێ، و رێز لەسەرجەم ئایین و ئاینزا و نەریتە مەدەنییەکان دەگرێ و هانیان دەدا ڕێز لە یاسا بگرن؟

وەرچەرخانەکان و گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسییەکانی پەیوەست بە ناوچەکە دەبنە دەرفەت بۆ گەلی کوردستان، کە هەرگیز دەستبەرداری تایبەتمەندییە فەرهەنگی و مێژووییەکەی نابێت، کە زادەی ویستیە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، بۆیە لە کۆتاییدا سەروەری و سەرکەوتن هەر بۆ گەلی کوردستان دەبێت.