دادگای فیدراڵی لە دەستوور لایداوە و بەرەو مەرکەزییەت دەچێتەوە کە خۆشی ئەوە دەزانێت

K24 - هەولێر

شارەزایەکی دەستوور رایگەیاند، خودی دادگای فیدراڵی لە چەندین جێگادا لە دەستوور لای داوە، بۆیە ئەو مەترسییەی لە ئێستادا دەستیپێکردووە، ئەو بنیادەی عێراقی لەسەر دروست بووە کە فیدراڵیەتە ئەوە نامێنێت و بەرەو مەرکەزییەتە.

د. سەردار قادر، شارەزای دەستوور بە کوردستان24ـی راگەیاند، خودی دادگای فیدراڵی لە چەندین جێگادا لە دەستوور لای داوە، ئەوەی کە نوێیە قسەکانی دادوەر عەندولرەحمان زێباری بوو کە گوتی، "ئەوەی پێشتر کراوە پێچەوانەی دەستوور بووە بۆیە چیتر من وەک ئەندامێکی دادگای دیدراڵی بەرگەی ناگرم دەست لە ئەندامێتی دادگای فیدراڵی دەکێشمەوە".

قادر گوتیشی: هەر لەسەردەمی نووری مالیکیەوە دیالە و سەڵاحەدین داوای هەرێمایەتییان کرد، بەڵام بە هێزەی چەک وەڵامیان درایەوە، هەروەها سەڵاحەددینیش پڕۆژەیەکی لەو شێوەیەی لە ژێر دەستدایە و بەسرەش پێشووتر ئەو پڕۆژەیەی هەبوو، بۆیە ئێستا دادگای فیدراڵی لە رووی دەستووریەوە لەبەردەم دوو بابەتی گرنگدایە، ئەویش ئەوەیە لەلایەک وەک هەماهەنگییەک لەگەڵ پەرلەمان و حکومەت رێگری لەهەندێک یاسا دەکات کە ناهێڵێت پەرلەمانیش هەندێک لەو یاسانەیە دەربکات، لە لایەکی دیکەشەوە دادگای فیدراڵی رێگری لە جێبەجێکردنی هەندێک یاسا دەکات.

ئەو شارەزای دەستوورە ئاماژەی بەوەشکرد، دادگای فیدراڵی لە ساڵی 2013ەوە ئەو شێوازە کردارییە پەیرەو دەکات و لە ئێستاشدا گەیشتووەتە لوتکە، تەنانەت لە دواهەمین بڕیاری دادگای فیدراڵیدا، زۆر لای ئاساییە کە دامەزراوەیەک لە هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکات لە یاسای هەڵبژاردندا بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستوور و یاسایی هەڵبژاردن.

باسی لەوەشکرد،  ئایا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڕیارێکی کۆتاییە کەس ناتوانێت قسەیان لێوە بکات؟ بێگومان دەرچەیەک هەیە بەڵام کێ قسە لە قسەی دادگا ئەکات، دادگا خۆیەتی، ئەویش بە پێی ماددەی 45 لە پەیرەوی ناوخۆیی دادگا باس لەوە دەکات، ئەگەر هاتوو دادگا بڕیاری لەبابەتێک دا بەڵام بەرژەوەندی گشتی وا دەخوازێت پێداچوونەوە بە بڕیارەکە بکات، ئەوە دادگا بۆی هەیە پێداچوونەوە بکات.

راشیگەیاند، ئەو مەترسییەی لە ئێستا دەستیپێکردووە، ئەو بنیادەی عێراقی لەسەر دروست بووە کە فیدراڵیەتە ئەوە نامێنێت و بەرەو مەرکەزییەتە، هەروەها لەهەموو بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ئەوە بەدیدەکرێت کە بەرەو مەرکەزییەت دەچێتەوە، کە خۆشی بەو بابەتە دەزانێت.