بێکاریی لە تورکیا "گەیشتووەتە لوتکە"

بێکاریی لە تورکیا "گەیشتووەتە لووتکە"
بێکاریی لە تورکیا "گەیشتووەتە لووتکە"

K24 - هەولێر

دامەزراوەی ئاماری تورکیا لە دوایین راپۆرتیدا ئاماژەی بەوەکردووە، رێژەی بێکاری لەو وڵاتە لەسەدا 9.1ـە، بەڵام کۆنفیدراسیۆنی سەندیکای کرێکارانی شۆڕشگێر دەڵێت، رێژەکە لەسەدا 26.5ـە و  گەیشتووەتە لوتکە.

بێکاری لە تورکیا گەیشتووەتە لوتکە. ئاماری دامەزراوەی ئاماری ئەو وڵاتە، جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە لەگەڵ ئەو ژمارانەی کە سەندیکاکان بڵاویانکردووەتەوە، بەشێوەیەک، ئاماری سەندیکاکان سێ هێندە زیاتری ئاماری دامەزراوە فەرمییەکەیە.

دامەزراوەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، رێژەی بێکاری لە تەمەنی 15 بۆ سەرەوە لەسەدا 0.2 زیادیکردووە و گەیشتووەتە لەسەدا 9.1، واتە بەبەراورد لەگەڵ رابردوو، 85 هەزار کەسی دیکە کارەکانیان لەدەستداوە. هاوکات ژمارەی بێکارانیش بۆ 3 ملیۆن و 214 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.

لەبەرامبەردا کۆنفیدراسیۆنی سەندیکای کریکارانی شۆڕشگێر کە بە "دیسکار" ناوسراون لە راپۆرتیکدا رایگەیاند، بێکاریی بۆ مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەسەدا 26.5ـە و ژمارەی بێکاری گەیشتووەتە 10.5 ملیۆن کەس کە ئەمەیان ژمارەی پێوانەییە.

ئابووریناسان پێیان وایە مانگی ئایاری ئەمساڵ، بێکاری جارێکی دیکە ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات و چاوەڕێ دەکرێت بێکاری 12 ملیۆن کەس تێپەڕێنێت. هەموو ئەوانەش بۆ سیاسەتەکانی تایبەت بە دابەزاندنی هەڵئاوسان گیراونەتەبەر.

 دامەزراوەی ئاماری تورکیا بە بڵاوکردنەوەی ئاماری ناڕاست تۆمەتبار دەکرێت، پێشتریش لە راگەیاندنی هەڵئاوسان هەمان تۆمەتی خرابوویەپاڵ. جیا لەوە هۆکاری بەرزبوونەوەی ژمارەی بێکاری وەک ئەنجامی سیاسەتی ئابووری نوێی کابینەی حکومەتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەبینرێت.