کەمئاویی بووەتە هۆکاری وشکبوونی نیوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق

وشکەساڵی لە عێراق
وشکەساڵی لە عێراق

K24 - هەولێر

ناوەندی نێودەوڵەتی جنێڤ بۆ دادپەروەری داوا لە حکومەتی وڵاتەکە دەکات، رێوشوێنی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بگرێتەبەر.

کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا بوونەتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر عێراق. تادێت گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەری نەرێنی زیاتر لەسەر عێراق دروست دەکەن و هۆشداریش بە حکومەتی وڵاتەکە دەدرێت، بەزوویی هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە مەترسیدارە بنێت.

ناوەندی نێودەوڵەتی جنێڤ بۆ دادپەروەری، لە راپۆرتێکیدا ئاماژە بە مەترسییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لەسەر عێراق دەکات و داوا لە حکومەتی وڵاتەکە دەکات، رێوشوێنی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بگرێتەبەر.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە، 12-03-2024، وەزیری کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، کەمئاویی و وشکەساڵی بووەتە هۆکاری وشکبوونی نیوەی کۆی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەسەرانسەری عێراقدا، بەجۆرێک لە کۆی 51 ملیۆن دۆنم، 27 ملیۆن دۆنم بە کەڵکی کشتوکاڵ نەماون. 

جیاواز لە شارەکانی دیکە، پیسبوونی کەشوهەوا بەچەندین هۆکاری جیاواز، بەغدای تووشی کارەسات کردووە، بەگوێرەی پێوەرە جیهانییەکان بۆ پێوانەکردنی ئاستی پاکی هەوا کە دەزگای "ئای کیوو ئیێر"ــی سویسری پشتی پێدەبەستێت،  بەغدای پایتەختی عێراق لە ریزبەندی هەشتەمین پایتەختی جیهاندایە لە رووی پیسبوونی کەشوهەوا و بوونی زۆرترین گازی زیانبەخش لە هەوای شارەکەدا و کە ئەو دەزگایە، دووکەڵی کارگە و پاڵاوگەکان، زۆری  ژمارەی ئۆتۆمبێل و سووتاندنی پاشماوەکان بەبێ مۆڵەتی حکومی و تەندروستی بە دیارترین هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی بەغدا دەزانێت.

دەزگاکە لە راپۆرتەکەیدا، زۆری ژمارەی دانیشتووان بەگوێرەی رووبەری شارەکە و ئۆتۆمبێل و کارکردنی نابەرپرسیارانەی کارگەکان وەکو هۆکاری سەرەکی پیسبوونی کەشوهەوای بەغدا هەژمار دەکات، دەزگا سویسرییەکە بە پشتبەستن بە زانیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی بەغدا، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی نێو شارەکەی بە زیاتر لە 3 ملیۆن ئۆتۆمبێل خەمڵاندووە، کە ئەو ژمارەیەش 10 هێندەی توانای لەخۆگرتنی شەقامەکانی بەغدایە.