کارکردن لە قۆناغی دووەمی پرۆژەی کۆڕنیشی زاخۆ بەردەوامە

کۆڕنیشی زاخۆ
کۆڕنیشی زاخۆ

K24 – هەولێر:

قۆناغی دووەمی پرۆژەی كۆرنیشی زاخۆ دەستیپێكرد کە درێژییەكەی شەش کیلۆمەترە و زیاتر لە شەش ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. بە تەواوبوونیشی سیمایەکی جوانتر بە زاخۆ دەبەخشێت و گەشتیاری زیاتر بۆ شارەکە رادەكێشێت.

هزرڤان فرسەت، ئەندازیار لە پرۆژەكە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە: "ئەم پرۆژەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری زاخۆ سەرپەرشتی دەکرێت و کارکردن لەم پڕۆژەیەدا 24 کاتژمێر بەردەوامە و پێشکەوتنێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە و لە ماوەیەکی کەمدا لە خزمەتی هاووڵاتییاندا دەبێت".

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی لە زاری هاووڵاتییەکی زاخۆ بڵاویکردووەتەوە: "بە تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی پرۆژەی کۆڕنیشی زاخۆ دڵخۆش بووین، گەشتیارێکی زۆر لە سلێمانی و ناوچەکانی تر بەو هۆیەوە سەردانمان دەكەن. سوپاسی حكومەت دەکەین بۆ دەستکردن بە قۆناغی دووەمی کۆڕنیشەکە و هیوادارین لە دروستکردن و ئاوەدانکردنەوەی کوچە و کۆڵانەکانی زاخۆ بەردەوام بن".

رۆژی (14ـی ئابی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی گەشتیاری کۆرنیشی دەلال لە زاخۆ کردەوە، کە بە گوژمەی 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە، درێژی پرۆژەکە 1500 مەترە لە هەردوو دیوی رووباری خابوور، لەناو پرۆژەکەدا بەنداوێک بە درێژی 73 مەتر و بەرزی 3.5 مەتر دروستکراوە، کە توانای گلدانەوەی ئاوی زیاتر لە 250 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە، لە 70%ـی رووبەری پڕۆژەکە لە سەوزایی پێکهاتووە.


کۆڕنیشی زاخۆ کۆی گشتی دێژییەکەی شەش کیلۆمەترە. لەسەر هەردوو رووی رووباری خابوور دروستدەکرێت؛ دوای تەواوبوونی دەبێتە درێژترین کۆرنیش لەسەر ئاستی عێراق، کە یەکێکە لە پرۆژە دیار و گرنگەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کە سیمایەکی جوانی بە پردی دەلال و شارەكە بەخشیوە؛ رۆژانە سەدان گەشتیار ڕووی تێدەکەن.
گرنگیدان بە ئاوەدانکردنەوەی شارەکان و کەرتی گەشتیاری، کاری لەپێشینەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە و لە پێشخستنی ئەو کەرتەش بەردەوامە.