بەریتانیا لە ناردنی پەنابەران بۆ رواندا بەردەوامە

ناردنی پەنابەران بۆ رواندا
ناردنی پەنابەران بۆ رواندا

K24 – لەندەن:

پەنابەرێکی کورد لە بەریتانیاوە بە گریانەوە باس لە باردۆخی خۆی دەکات دوای ئەوەی نامەیەکی لە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی دیپۆرتی بکەن بۆ وڵاتی رواندا. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناردنەوەی پەنابەران مشتومڕێکی زۆری لە نێوان دەزگایەکانی بەریتانیا دروستکردووە.

پەنابەرە کوردەکە لەبارەی دیپۆرتکردنی بۆ رواندا، چیرۆکی ژیانی خۆی بۆ کوردستان24 گێڕایەوە و گوتی: "دوای ساڵیک نامەیکم لە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا پێگەشتووە بۆ ئەوەی دیپۆرتی رواندام بکەن، بەڕاستی ئێمە گیانمان لە مەترسیدایە، خەریکە رەوانەی وڵاتێک دەکرێن کە هیچ ئەمن و ئاسایشێکی تێدا نییە".

بە هەزاران پەنابەری وەکو ئەم پەنابەرە کوردە نامەی دیپۆرتکردنیان بۆ رواندا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆیی بەریتانیا بۆ نێردراوە و چارەنووسیان نادیارە. هەروەها لە نێوان یاسایی و یاسایینەبوونی بڕیاری ناردنی پەنابەران بۆ رواندا هێشتا بەتەواوی یەکلای نەبووەتەوە، حکومەت لەلایەک و رێکخراوەکان، دادگا و ئەنجوومەنی لۆردانی بەریتانیاش لەلایەک.

لەلایەن خۆیەوە تابان سامی شۆڕش، سەرۆکی رێکخراوی لۆتوس فلاوەر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێموایە هەر کەسێک وڵاتی خۆی جێبهێڵێت لەبەر هەر هۆکارێک، داوای پارێزراوی و مافی پەنابەرێتی لە وڵاتێکی دیکە بکات ئەوا دەبێت مافی مانەوەی لەم وڵاتە هەبێت.

ناوبراو گوتیشی: "بڕوام وایە ئەمە کارێکی نامرۆڤانەیە بەزۆر خەڵک دیپۆرت بکەیت، بهێنە پێش چاوت تۆ لە وڵاتێکی هیچ لەبارەی زمانەکە و سیستەمەکە نازانی دواتر ببینی بەزۆر لەم وڵاتەوە بچیتە وڵاتێکی تر".

دوای ئەوەی پەرلەمانی بەریتانیا بەزۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای ناردنی پەنابەرانی نایاسایی بۆ رواندا پەسەندکرد، ئەنجوومەنی لۆردەکانی بەریتانیا بەزۆرینەی دەنگ پڕۆژەکەی رەتکردەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتریش دادگای باڵای بەریتانیا بەهۆی ئەوەی رواندا وڵاتێکی پارێزراو نییە بڕیارەکەی رەتکردبووەوە، بەڵام حکومەتی بەریتانیا بەوە ناوەستێت و دەیەوێت رێگەی دیکە ببینێتەوە بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بەریتانیا کە بڕیارە ئەمساڵ ئەنجامبدرێت پەنابەرە نایاساییەکان دیپۆرتی رواندا بکات.