قایمقامییەتی زاخۆ بەدواداچوون بۆ نرخی پێداویستییەکان دەکات

بازاڕی زاخۆ
بازاڕی زاخۆ

K24 – زاخۆ:

بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخی کاڵا و شتومەك بەدواداچوون بۆ خۆراکی ماوەبەسەرچوو و دیاردەی قۆرخکاری، لیژنەی بەدواداچوونی قایمقامییەتی زاخۆ و لیژنەی چاودێریکردنی بازاڕ بەردەوام چاودێری بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکان دەکەن و رێنمایی و هۆشیاری بڵاودەکەنەوە.

وەڵات هەجەر، بەرپرسی لیژنەی بەدواداچوون لە قایمقامییەتی زاخۆ، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەردەوامین لە بەدواداچوون بۆ دۆخی بازاڕ بۆ ئەوەی نرخی کاڵا گران نەکرێت و خۆراکی ماوەبەسەرچوو بە هاووڵاتییان نەفرۆشرێت.

بەرپرسی لیژنەی بەدواداچوون لە قایمقامییەتی زاخۆ، ئاماژەی بەوەدا، رۆژانە سێ لیژنە لە سێ کەرتی جیاواز بەدواداچوون بۆ دۆخی بازاڕ دەکەن.

لەلایەن خۆیەوە کۆڤان سیتو، بە کوردستان24ـی گوت: دەمانەوێت بەهای کاڵا خۆراکییەکان لە بازاڕدا جێگیر بێت و گران نەکرێت، لە رێگەی لیژنەکانمان بەردەوامین لە چاودێریکردنی بارودۆخی بازاڕ، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان زیانمەند نەبن.