پوتن هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم دەکات

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیای فیدراڵ - وێنە AFP
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیای فیدراڵ - وێنە AFP

K24 – هەولێر

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا هۆشداریدا و هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات، ئەگەر هاتوو وڵاتەی رووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک ببێتەوە، دەشڵێت: یەکگرتوویی کۆمەڵگەی رووسی بەهێزترین چەکی وڵاتەکەیەتیی و ئەوانەشی  بیریان لە قڕکردنی رووسیا کردووەتەوە بە سەپاندنی سزا و هێزی چەکدارییەوە، ئەوا یەکگرتووی کۆمەڵگەی رووسیایان لەبەرچاو نەگرتووە.

ڤلادیمێر پۆتن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فەرمی رووسیا ئامادەیی وڵاتەکەی لە لایەنی سەربازیی و تەکنیکییەوە بۆ جەنگی ئەتۆمی دەربڕی و گوتیشی: هەرچەندە هەموو فشارەکان بەو کاراستەیەوە پاڵنەر نین، بەڵام ئەگەر ئەمەریکا هەوڵی تاقیکردەوەی ئەتۆمی بدات، بە دڵنیاییەوە رووسیاش کاردانەوەی دەبێت و هەمان کار دەکات، چونکە ئێستا چەکی ئەتۆمی رووسیا لە چەکی ئەتۆمیی وڵاتانی دیکە زۆر پێشکەوتووترە.

دەربارەی جەنگی ئۆکرانیا، پوتن رایگەیاند، هیچ پێویست ناکات چەکی ئەتۆمی لە ئۆکرانیا بەکاربهێنێت، بەڵام ئەگەر هاتوو هێزەکانی ئەمەریکا بێنە ئۆکرنیا، ئەو کاتە رووسیا وەک هێزێکی دەرەکی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.

هەروەها ئاماژەیداوە، رووسیا ئامادەیە لە بارەی ئۆکرانیا دانووستاندن بکات، بەڵام بەمەرجی ئەوەی گفتوگۆو دانووستان لە سەر راستییەکان بێت.

سەبارەت بە ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا، ڤلادیمێر پۆتن سەرۆکی رووسیا رایگەیاندووە، رووسیا باوەڕی بە هیچ کەسێک نییە، تەنیا ئەگەر رێککەوتنێکی گەرەنتیی و واژۆکراو نەبێت.