راوێژکارێکی پەرلەمان: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە دژی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوورن

K24 - هەولێر

راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر بەکورد و قەوارەی هەرێمی کوردستان، لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە دەکرێت پێچەوانەی دەستوورە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئاداری 2024، وەعدی مزوری، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان لەمیانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، بڕیارەکەی دادوەر عەبدولرەحمان لەجێگەی خۆیدا بوو، هەرچەندە دەبوو زووتر ئەوە رووبدات، ئەوەش رەنگە لەبەر هەندێک هۆکار کە رەنگە نەتوانرێت بگوترێ، بەڵام وا دیارە دادوەر ئیتر زانیوویەتی نابێت چیتر بێدەنگ بێت لەبەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی کە دەکرێت بەرامبەر بەکورد و قەوارەی هەرێمی کوردستان، لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵ، کە ئەمە پێچەوانەیەکی دەستوورە، هەر بۆیە دادوەر ئەوەندە لە توانایدا بووە بەرگەی بڕیارەکانی حکومەتی عێراق بگرێت و بڕیار لەسەر کشانەوە بدات.

بەگوتەی ئەو: "بڕیارەکەی دادگاش چاوەڕوان نەکراو بوو، کاتێک کە گوتی: "دادگا راناوەستێت و دەتوانێت بەردەوام کاری خۆی بکات".

وەعد مزوری دەڵێت، کاتێک دادگا ئاماژەی داوە بە یاسای ژمارە 25 ساڵی 2021، دەبێت نوێنەری هەرێم لەو دادگایەدا بەشداربێت، ئەم دادگایە لێرەدا لەنگ بووە. بۆیە بەبڕوای من پێویستە لەسەر دادگا بەهەمان شێوە دادوەرێکی دیکە بێنێت لە کورد، چونکە دادگا لەسەر بنەمای دەستوەردان، مەزهەبی، دەرەکی، دروست بێت و بەردەوامیش بێت لەسەر کاری خۆی، دەبێتە هۆی کارەسات، هەر بۆیە پەیامی دادوەر عەبدولرەحمان گرنگ و بەهێز بوو لە ئێستادا.