ئەنجومەنی پیران: ئەمەریکا هێزەکانی لە سووریا ناکشێنێتەوە

K24 - هەولێر

سەربازانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبنەوە و لە مانگی کانوونی یەکەمی 2023دا، 84 ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا دەنگیان بەمانەوەی سەربازانیان دا لەو ناوچەیە، ئەمەش لە ترسی ئەوەی ئەگەر ژمارەی سەربازەکانیان کەمبکەنەوە دەبێتە هۆی خزمەتکردنی ئێران.

سیناتۆری کۆمارییەکان، راند پاوڵ، پڕۆژە یاسایەکی بۆ کشانەوەی 900 سەربازی ئەمەریکی لە سووریا پێشکەشکرد، لەکاتێکدا هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریا و ئوردن بۆ سەر ئەمەریکییەکان دەستیپێکردبوو.

نزیکەی مانگێک دوای ئەو دەنگدانە، هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر تاوەری 22 لە ئوردن ئەنجامدرا، بەو هۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.

توێژەرێک لە ماڵپەڕی ناشناڵ ئینتێرست رایگەیاند، لە رووکەشدا کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بەهۆی زیادبوونی ناسەقامگیرییەوە پێدەچێت دژ بەیەک بێت، بەڵام پرسی کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکان هێمای کێشەیەکی گەورەترە، سەربازەکان سەرەتا لە شوێنێکدا جێگیرکرابوون بەبێ مۆڵەتی کۆنگرێس، هەروەها دوای تەواوبوونی ئەرکە سەربازییە سەرەتاییەکانیان بۆ ماوەیەکی زۆر لەوێ مانەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: بوونی ئەمەریکا لە سووریا بەشێکە لە هاوپەیمانییەک بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییەی کە لە ساڵی 2014 بۆ تێکشکاندنی داعش پێکهێنراوە.

ئەو توێژەرە دەشڵێت: لەوەتەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ساڵی 2019دا باغۆزیان کۆنترۆڵکردەوە، ئەمەریکا شکستی داعشی راگەیاند، بەڵام هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ کەمکردنەوەی بوونی هێزەکانی.

توێژەرەکە باسی لەوەشکردووە، ئەمەریکا لە ئێستاوە میکانیزمێکی هەیە بۆ ئامادەکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ رووبەڕووبوونەوەی چالاکییەکانی داعش، کە بریتییە لە راهێنان و ئامادەکردنی هێزەکانی دژە داعش، ئەم بەرنامەیش لە ساڵی 2014 لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەندکرا بۆ راهێنان و راوێژکاری و دارایی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و سووریا.

هێرشە ئاسمانییەکانی گرووپە میلیشیاکان و هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئەمەریکا، گرژییەکانی ئێستای نێوان ئەمەریکا و عێراقی زیاتر کردووە.