رۆشنبیری دارایی بۆ رەمەزانێکی باشتر

Kurd24

سوڕی ژیانی ئابووری هەر کۆمەڵگەیەک پەیوەستە بە کۆمەڵێک لایەن و بۆنەی جۆراوجۆر، لەسەر بنەمای پێویستی کۆمەڵەگە دیاری دەکرێ. بەشێوەیەکی گشتی، چەند پێوەرێک هەن بۆ دیاریکردنی  کاریگەرییە وەرزییە راستەوخۆکان لەسەر نرخی کەلوپەل و خزمەتگوزاریەکان، وەک دابەزینی نرخی خۆراک لە وەرزی دروێنەکردن، هاوکات لەگەڵ مانگەکانی هاوین، یاخود زیادبوونی بەکارهێنانی وزە لە وەرزی زستان.

جگە لەمە بۆنە تایبەتەکانی وەک رۆژانی نەتەوەیی یان ئایینی کاریگەرییان لەسەر ژیانی ئابووری زۆرێک لە کۆمەڵگاکان هەیە. بۆ نموونە ئاڵوگۆڕکردنی دیاری و گەشتکردن و کڕینی جلوبەرگی نوێ و ژەمی تایبەت لە رۆژە تایبەتەکان و بۆنە ئاینیەکانی وەک یۆم کیپور، هانۆکا، کریسمس، جەژنی سوپاسگوزاری، هالۆوین، رەمەزان و جەژنی قوربان و نەورۆز کاریگەری دەخەنە سەر زیادبوونی خواست و خەرجییەکان بەگشتی. دۆزینەوە و دیاریکردنی ئەم کاریگەرییە وەرزییانە بوارێکی زۆر گەشەسەندووە لە زانستەکانی ئامار و ئابووریدا. لەم بابەتەدا زیاتر تەرکیز دەخەینە سەر کاریگەریەکانی مانگی رەمەزان لەسەر گۆڕانی خواست لەسەر بەرهەمەکان و زیادبوونی خەرجیەکان و شێوازی کۆنترۆڵکردنیان.

مانگی رەمەزان کە مانگی نۆیەمی ساڵنامەی کۆچییە، بە یەکێک لەم قۆناغە کاتییانە دادەنرێت کە لەماوەی ساڵێکی دیاریکراودا کاریگەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری لەسەر ژیانی خەڵک دروست دەکات و خووی خەرجکردن و شێوازی بەکاربردنی موسڵمانان دەگۆڕێت. بەشێوەیەکی گشتی ناجێگیری لە پێوەرە ئابوورییەکان روودەدات و کاریگەری دەخاتە سەر زیادبوونی خواست، دەستاودەستکردنی دراوەکان، وەبەرهێنان، شێوازی بڕیاردان، قەرزەکان، زیادبوونی خەرجیەکان بەتایبەت خەرجی خۆراک و بەکاربردن.

گرنگترین ئەم کاریگەریانەی کە بەهۆی زیادبوونی خواستەوە لە مانگی رەمەزاندا دروست دەبێت بریتیە لە هەڵبەز و دابەز لە نرخەکان. بۆ نموونە بەشێوەیەکی نەریتی لە مانگی رەمەزاندا خەرجیەکان زیاتر بۆ دابینکردنی بەرهەمەکانی گۆشت و هەندێک خواردەمەنی هاوشێوەیە بەراورد بە مانگەکانی دیکە. لەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان بەهۆی هاتنی مانگی رەمەزان و بەهار و نەورۆز لەیەک کاتدا، نرخی بەرهەمە خواردەمەنییەکان لەنێویشیاندا گۆشت و شیرەمەنیەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو روویان لە زیادبوون کردووە. لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی دواکەووتنی مووچەی هاوڵاتیان و فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی عێڕاقەوە رەنگە کاریگەریە دارایی و دەروونیەکان لەسەر هاوڵاتیان زیاتر بکات و شڵەژانی زیاتری بازاڕی بەدواوەبێت.

بەشێوەیەکی گشتی، مانگی رەمەزان کاریگەری دەخاتە سەر ئاستی تێچوون و خەرجیەکان لە مانگی شەعبان و شەوالیش، هەروەها نرخی بەرهەمەکان و ئاراستەی خواستیش لەم دوو مانگەدا بەهۆی رەمەزانەوە گۆڕانکاریان بەسەردا دێت. واتە جوڵەی نرخەکان لە مانگەکانی شەعبان پێش رەمەزان و شەوال دوای رەمەزانیش پەیوەندی بە کاریگەریەکانی رەمەزانەوە دەبێت. نموونە بەهۆی ئامادەکاریەکانی مانگی رەمەزان لە وڵاتانی مسوڵمان بەگشتی لە مانگی شەعباندا نرخی هەندێک بەرهەم زیاتر لە مانگەکانی دیکە گۆڕانکاریان بەسەردادێت، ئەم بەرهەمانەش بریتین لە (هێلکە، گۆشتی سوور، ڕۆن و زەیت، ئارد و نان، شیرینی، بەرهەمە وشکەکان و سەوزە و میوە). هەروەها دوای رەمەزانیش بەهۆی گۆڕانکاری لە نرخەکان و کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەرهەمە ناوبراوەکان، جارێکی دیکە بازاڕ رووبەڕووی گۆڕانی ئاراستەی خواست دەبێتەوە و نرخەکان گۆڕانکاریان بەسەردادێت. بۆیە بەهۆی زیادبوونی خواست و خەرجیەکان و گۆڕانکاری لە شێفتی ئابوورییدا ئەم سێ مانگە لە ساڵنامەی زایینیدا بە گرنگترین سێ مانگ دادەنرێت لەرووی پلانی ئابووریەوە هەم بۆ کڕیاران و هەم بۆ فرۆشیاران و بازاڕ.

گرنگترین ئەم فاکتەرانەی کاریگەری دەخەنە سەر ئاستی خەرجیەکانی تاک و خێزان لە رەمەزانی 2024 دا بریتین لە:

1. کاریگەری دواکەووتن و نەدانی مووچە لەلایەن حکومەتی عێڕاقەوە.

2. کاریگەری پاڵەپەستۆی خواست لەسەر بەرهەمە خواردەمەنیەکان و پۆشاک بەهۆی هاتنی مانگی رەمەزان و یادەکانی نەورۆز و ئادار لەیەک کاتدا.

3. ئامادەکاریەکان بۆ جەژنی رەمەزان و نەورۆز.

4. پێدانی زەکات و سەرفترە و فیدیە و زیادبوونی بەخشینەکان لەم مانگەدا.

ئامۆژگاری بۆ ئابووری ماڵ لە مانگی رەمەزاندا

ئەوەی لەسەرەوە باسکرا ئامادەکاری و روونکردنەوەبوو سەبارەت بە گۆڕانکاریەکان لەسەر خواست و نرخەکان لە سێ مانگی جیاوازدا بەگشتی. بەڵام ئەوەی گرنگبێت ئەوەیە کە تاچەند دەتوانین لەم ماوەیەدا پلانێکی گونجاو بۆ رێکخستنی بودجە و توانا داراییەکانمان ئامادە بکەین. هەروەها دڵنیابینەوە لەوەی کە باڵانسی داهات و خەرجییەکانمان تێکناچێت و کۆنترۆڵی خەرجییەکانمان لەدەست نادەین.

چۆن بتوانین لەم ماوەیەدا خەرجیەکانمان کۆنترۆڵ بکەین و بڕیارێکی دارایی دروست بدەین؟

بازاڕیکردن بە وریایی و ئاگادارییەوە: یەکێک لە خاڵە گرنگەکان لەکاتی بازاڕیکردندا بریتیە لە دانانی لیستی پێداویستیەکان و ئەنجامدانی بازاڕیکردن لەسەر بنەمای دابینکردنی بەرهەمە پێویستەکان. بەگشتی، لەم وەرزەدا بازاڕیکردن بۆ دابینکردنی خواردن لە سەرووی لیستی خەرجییەکاندایە. لەکاتی بازاڕایکردندا دەتوانرێ سوود لە مێتۆدی بەراوردکردنی نرخی وەربگرین. هەروەها دەتوانرێ سوود لە کەمپەین و داشکانی نرخەکان وەبگرین بەمەرجێک دووربکەوینەوە لە کڕینی بەرهەمی ناپێویست. گرنگترین شت لیرەدا دانانی سنوورە بۆ خەرجیەکان لەسەر بنەمای خەرجی رۆژانە و هەفتانە و مانگانە.

دوورکەوتنەوە لە بەفیڕۆدانی خۆراک: بەداخەوە ڕەنگە لەم پرۆسەیەدا پاشەڕۆی خۆراک زیاد بکات. دەتوانین هەم لە قۆناغی بازاڕکردن و چ لەسەر مێز شاهیدی ئەم بەفیڕۆدانە بین. بەڵام دەتوانرێت بە دەستێوەردانی بچووک ڕێگری لەم کارە بکرێت. بۆ نموونە ئەگەر بەڕۆژوو بین، دەتوانین هەڵبژێرین کە لە کاتی برسیبووندا نەچینە بازاڕکردن، ئەوەندەی پێویستمانە بکڕین، بە تایبەت بۆ ئەو بەرهەمانە زوو تێکدەچن (میوە، سەوزە و هتد)، و لە لیستی کڕین تێپەڕ نەکەین. دەتوانین هەفتانە پلانی ژەمەکان دابنێین و ئەگەر چاوەڕوانی میوان بین، دەتوانین مینیویەک ئامادە بکەین کە زیادەڕەوی نەکات. جگە لەمانە بۆ نموونە دەتوانین لە ئیفتاردا بە شێوازی جیاواز لە پاڕشێو یان ڕۆژی دواتردا ئەو خواردنە بەجێماوە بەکاری بهێنینەوە.

پاشەکەوتکردنی پێشوەختە بۆ جەژن: نابێ خەرجیەکانی رەمەزان و ئارەزووی خواردن و خواردنەوە ئامادەکاریەکانی جەژنمان بیرباتەوە. لە کۆمەڵگای مسوڵماناندا جەژن بۆنەیەکی تایبەتە و پێویستی بە ئامادەکاری تەواوەتی هەیە لەرووی دابینکردنی خۆراک و شیرنەمەنی و پۆشاکی نوێ بۆ ئەم بۆنەیە. بۆیە هەموومان پێویستە هەر لە سەرەتای رەمەزانەوە بیر لە دابینکردنی بودجەیەکی پێویست بۆ جەژن بکەینەوە. ئەم بودجەیە پێویستە هەموو بابەتی خەرجییەکانی وەک سەفەر، خواردن و خواردنەوە، شیرینی و پۆشاک و کات بەسەربردن لەخۆبگرێت.

دانانی بودجەیەکی پێویست بۆ حاڵەتە کتوپڕ و لەناکاوەکان: رەنگە زۆرجار مێوانێکی چاوەڕواننەکراو لە مانگی رەمەزان، سەردانیەک یان نەخۆشیەک ببێتە هۆی زیادبوونی خەرجیەکان و کاریگەری بخاتە سەر بودجەی دیاریکراو. بۆیە گرنگە کە بتوانرێ بڕێک پارە وەکو بودجەی کتوپڕ، تەنانەت ئەگەر بچووکیش بێت، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەو جۆرە خەرجیانە لەسەر ئابووری خێزان دیاری بکرێ.

یەکخستنی بودجە و لیستی پێداویستیەکانی گەشت و سەیران و پۆشاک و خواردن لەگەڵ مانگی رەمەزان و جەژن و نەورۆز بەیەکەوە: ئەوەی ئەم رەمەزانە جیادەکاتەوە لە مانگەکانی دیکە ئەوەیە کە یادەکانی نەورۆز و بەهار بەیەکەوە لەیەک مانگدا هەڵکەوتوون. ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی بتوانین ئەم بارودۆخە وەکو هەلێک بقۆزینەوە تابتوانین لیستی خەرجیەکانمان یەک بخەین. واتە ئەم پۆشاک و خواردەمەنیانەی پێشتر بۆ هەریەکێک لەم بۆنانە بەجیا دابین دەکرا، لەم مانگەدا بتوانین لەیەک کاتدا خەرجیەکان ئەنجام بدەین و هەمان ئەم کەلوپەل و پێداویستیانەی لە مانگی رەمەزاندا سوودی لێ وەردەگرین لە بەهار و نەورۆزیشدا بەکاریبهێنین. رەنگە بە بردنە دەرەوەی ژەمێکی ئێواران بتوانین هەم نەورۆز ئەنجام بدەین هەم رۆژوی مانگی رەمەزان جێبەجێ بکەین.

دوورکەوتنەوە لە وەرگرتنی قەرز: ئەوەی گرنگە پێویستە بە وەریاییەوە مامەڵە لەگەڵ قەرزەکاندا بکەین. ئەنجامدانی قەرز لەم مانگەدا رەنگە کاریگەری بخاتە سەر بودجەی مانگی داهاتووش. نەدانی مووچەی هاوڵاتیانیش لەلایەن بەغداوە هۆکارە بۆ کەڵەکەبوونی خەرجی و قەرزەکان و قەیرانی دەروونی و دارایی خێزانی.

لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی پێدانی زەکات و سەرفیترە و فیدیە و زیادبوونی بەخشینەکان لەم مانگەدا رەنگە ئابووری خێزان جارێکی دیکە بکەوێتە ژێر کاریگەری خەرجیە زۆر و لەناکاوەکان. بۆیە پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ داهات و خەرجیەکانمان بکەین و نەبین بە نێچیری تەڵەی ئارەزووەکانمان.