پێشەوا هەورامانی: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی 'هەژماری من' پاشەکشە ناکات
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەوڵدایە کێشەکان چارەسەر بکات. ناوبراو گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی 'هەژماری من' پاشەکشە ناکات.
رۆژی چوارشەممە (13ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی کۆبووەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کرد.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی قسەی لەسەر سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ئەمەریکا کرد، کە لەسەر داوەتنامەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەو سەردان ئەنجامدرا، هەروەها کۆمەڵێک کۆبوونەوەی باش و بەرهەمدار لە واشنتن ئەنجامدران، لە ئەمەریکا پاڵپشتی و هاوکاری هەماهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکرایەوە.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئەمەریکا لە هەموو کات و ساتە ناوخۆشەکاندا هەمیشە لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان بووە، هەمیشە پاڵپشت و هاوکاربووە.
پێشەوا هەورامانی، ئاماژەی بەوەدا، هەرێمی کوردستان دەیەوێت دەستوور پێشێل نەکرێت و بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێت.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "نییەتێکی باش لەلایەن بەغداوە لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان نییە، هەر کەسێک نییەتێکی باشی هەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بەغدا دژایەتی دەکرێت و رووبەڕووی دەبنەوە، خەڵکی هەرێمی کوردستان دیل نییە هەر مانگە و بەشێوازێک مووچەی بۆ بنێردرێت".
گوتیشی: "لە هیچ دۆخێکدا دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان نابین، ئەو بڕە پارەیەی کە نێردراوە بۆ مووچە زیاتر لە 300 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ سوودانی لە پەیوەندیدایە کە دەبێت تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، لە هیچ یاساییەک مووچە بەو شێوەیە نەنێردراوە، ئەو کورتهێنانە لە مووچە هەیە دەبێت پڕ بکرێتەوە".
هەورامانی لەبارەی پڕۆژەی (هەژمارەی من) رایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەر لەو پڕۆژەیەدا بەشداربوونە، پلانی حکومەت ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم فەرمانبەران کارتی بانکی خۆیان هەبێت، ئەو بانکانەی لەناو لیستی هەژماری من هەن هیچیان لەناو لیستی رەشی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکادا نین.
ناوبراو راشیگەیاند، "حکومەت دەیەوێت لە رێگەی (هەژماری من) تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە 19 خزمەتگوزاری بانکی سودمەندبن، پڕۆژەی بانکی حکومەتی فیدراڵی فەرمانبەرانی لە یەک خزمەتگوزاری سوودمەند نابن، دژایەتی هەژماری من بۆ ئەوە دەگەڕێنینەوە کە هەرێمی کوردستان شوێنی قاچاغی و پارە سپیکردنەوە نییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پاشکەشە ناکان لە پڕۆژەی هەژماری من".
جەختی لەوەشکردەوە، هێزەکانی ناوخۆش لە پڕۆژەی (هەژماری من)دا هەن، هاوکات ئەم پڕۆژەیەش رۆڵی دەبێت لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، ئابووری هەرێمی کوردستان دوای پڕۆژەی هەژماری من پێدەنێتە قۆناغێکی نوێیەوە، هاووڵاتییان لە زۆر خزمەتگوزاری سوودمەند دەبن، هەروەها ئامێری پارەڕاکێشانیش لە زۆرینەی شوێنەکان دادەنرێت، بە واتای ئەوەی بۆ هەر دوو هەزار مووچەخۆر ئامێرێکی پارەڕاکیشان دادەندرێت.
پێشەوا هەورامانی، لەبارەی لیستی مووچەی مانگی شووباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەو پارەیەی کە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم دەستی لێنەدراوە، چونکە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەیوەندییدایە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کە دەڵێت: "دەبێت ئەو پارەیە بە تەواوی بنێردرێت"، بەغدا ھەرجارە و بیانووێک بە ھەرێمی کوردستان دەگرێت، گەیشتووەتە ئەو رادەیەی مووچەی کەسوکاری شەھیدانیش نەنێرێت.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی هێزی پێشمەرگەوە گوتی: هێزی پێشمەرگە لە پێداویستی سەربازی و مووچە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بێبەش کراوە، لەکاتێکدا هێزی نایاسایی و لە یاسا دەرچوو لە عێراق پارەیەکی زۆریان بۆ دابین دەکرێت.
ناوبراو لەبارەی دادگای فیدراڵییەوە ئەوەی ئاشکراکرد، دادگای فیدراڵی لە دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە هەشت بڕیاری دژی هەرێمی کوردستان دەرکردووە، دادگای فیدراڵی لە بری حکومەت و پەرلەمانی عێراق بڕیار دەدات، هەروەها دادگای فیدراڵی بڕیارەکانی سیاسین و دژی دەستووری عێراقن، هەروەها لە ئێستادا لە بەغدا هەموو لایەک بوونەتە حاکم بۆ سزادانی هەرێمی کوردستان.
هەورامانی، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، "هەرێمی کوردستان لاواز نییە و خۆی رادەستی ئەو ئیرادەیە ناکات کە دەیەوێت ئەو هەرێمە بچووکببێتەوە، هیچ کاتێک دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی ئەو هەرێمە نابین".
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: "دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بابەتێکی تەواو سیاسییە و پەیوەندی بە کێشەی تەکنیکییەوە نییە، تاوەکو نەوت لە دەستی خۆمان بوو کێشەی مووچەمان نەبوو، بە هەر جۆرێک بوایە دەمانتوانی مووچە دابەش بکەین".