سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌

كۆبوونه‌وه‌ی نێوان محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق
كۆبوونه‌وه‌ی نێوان محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق پێشوازی له‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌كات و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا تاوتوێی پرس و بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدڕاڵی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 13ـی ئاداری 2024) محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق پێشوازی له‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا تاوتوێی پرس و بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدڕاڵی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند پرسێكی دیكه‌یان كرد.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌ باره‌ی بارودۆخی گشتی عێراق و بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی ته‌واوكاری كاری نێوان هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و یاسادانان كردووه‌ته‌وه‌ له‌ پێناو پشتیوانیكردنی كارنامه‌ی حكومه‌ت بۆ پێشخستنی عێراق له‌ بواره‌كانی خزمه‌تگوزاری و باشتركردنی بارودۆخی ئابووری و بژێوی سه‌رجه‌م هاووڵاتییانی عێراق.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌ پرس و بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدڕاڵی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و به‌رده‌وامی گفتوگۆی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و پرسه‌كان به‌گوێره‌ی ده‌ستوور به‌ پێویست زانیوه‌.