باسم عه‌وادی: پاره‌داركردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت

باسم عه‌وادی، گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق
باسم عه‌وادی، گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق

K24 – هەولێر:

باسم عه‌وادی گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق، به‌ ئاژانسی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاند، پاره‌داركردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت.

عه‌وادی هه‌روه‌ها گوتی: راگرتنی پاره‌داركردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم راست نییه‌.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، وه‌زاره‌تی دارایی عێراق پابه‌نده‌ به‌ پاره‌داركردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.

ده‌شڵێت: پابه‌ندین به‌ پاره‌داركردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بۆ مانگی ئادار.

پێشتریش تێف سامی وه‌زیری دارایی عێراق له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق له‌ وه‌ڵامی په‌رله‌مانتارانی كورددا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو، بۆ مانگی ئادار هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان نانێرێت، تاكو هه‌ژماری بانكیان بۆ دروست نه‌كرێت.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان:

1. دەبێت بە پێی ماددەی 116 و 117 دەستووری عێراق؛ یەکسانی هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی سەروەت و سامانیی گشتی و نابێت ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

2. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت.

3. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن بۆ پێدانی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام تاکو ئێستا حکومەتی عێراق لە پێدانی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پابەندی یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگا نەبووە.