بەشێک لە سوننەکان کوتلەیەکی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پێکدەهێنن

دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق
دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

چەند پەرلەمانتارێکی سوننە لە پەرلەمانی عێراق پێکهێنانی کوتلەی "سەدارە"یان راگەیاند و جەخت لە هاوسەنگی نیشتمانی و جێبەجێکردنی داخوازی دانیشتووانی ناوچە سوننەنشینەکان دەکەنەوە.

رۆژی چوارشەممە (13ـی ئاداری 2024) هەریەکە لە پەرلەمانتاران مەحموود مەشهەدانی، خالید عوبەیدی، تەڵاڵ زەوبەعی و محەممەد نوری عەبدرەبە و کەسایەتی سیاسیی شێخ فارس ئەلفارس پێکهێنانی کوتلەی "سەدارە"یان لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند و پێکهێنانی کوتلەکەشیان بە پێویستی نیشتمانی قۆناغەکە وەسفکردووە.

کوتلەی سەدارە لە بەیاننامەی راگەیاندنی پێکهێنانی کوتلەکەیان ئاماژەیان بەوەکردووە، دەبنە دەنگی هەموو عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، بەتایبەتی چینی هەژاران و پابەندبوونی خۆشیان بە دەستوور و یاسا و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەدیهێنانی خۆشگوزارەنی بۆ هاووڵاتییان دووپاتکردووەتەوە.

بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سەرکردە سوننەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی بەرکەوتەی ئەو پێکهاتەیە، سوننەکانی عێراق بۆ چەند بەرەیەک دابەشبوون و کوتلەی سەدارە، دوای هەریەلە لە هاوپەیامنییەکانی (تەقەدووم، سیادە، حەسم و عەزم) دەبێتە پێنجەم کوتلەی سوننەکان لە پەرلەمانی عێراق.

لە یەکەم کاردانەوەشدا، یەحیا محەممەدی، گوتەبێژی حزبی تەقەدووم لە راگەیەندراوێکدا پێشوازی لە پێکهێنانی کوتلەی سەدارە دەکات و جەخت گرنگی کاری هاوبەش و هەماهەنگی لەبارەی دۆسیە گرنگە هاوبەشەکانی نێوانیان دەکاتەوە.

0