بلینكن داوایه‌ك له‌ ئیسرائیل ده‌كات

ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوا لە ئیسرائیل دەکات پاراستنی خەڵکی مەدەنی کاری یەکەم و لە پێشینەیان بێت.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایدەگەیه‌نێت، لە کاتێکدا ئیسرائیل ئەوەی پێویستە بۆ پاراستنی وڵاتەکەی دەیکات، لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە حکومەتی ئیسرائیل دڵنیایی بدات لەوەی پاراستنی خەڵکی مەدەنی و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان کاری لە پێشینەیان دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هه‌روه‌ها گوتی: "کاتێک هیوا هەیە رێگەیەکیش بوونی دەبێت. چاومان لەوەیە حکومەتی ئیسرائیل دڵنیاییبدات لەوەی پاراستنی خەڵکی مەدەنی و گەیاندنی هاوکاری پێویست بۆ خەڵک کاری لە پێشینەن، لە کاتێکدا ئەوەی پێویستە دەیکەن بۆ بەرگریکردن لە وڵات و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی حەماس".

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، حەماس هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە 1400 هاووڵاتیی ئەو وڵاتەی کوشت. هاوکات 250 کەسی لە ناوچە جیاوازەکانی ئیسرائیل بە بارمتە گرت، ئیسرائیل لەو باوەڕەدایە کە 99یان هێشتا لە غەززەن و زیندوون.

زیاتر لە پێنج مانگە جەنگی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە و ئیسرائیل بەبێ دەستپاراستن لە ئاسمان و زەوییەوە بۆردوومان و تۆپبارانی غەززە دەکات. لە ئەنجامی جەنگەکەدا، 31 هەزار و 272 کەس لە غەززە کوژراون، ئیسرائیلیش کوژرانی هەزار و 160 کەسی بە فەرمی راگەیاندووە.