سەرۆکی پارتی ئیرادەی نیشتمانی تورکمان: رەنگە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەین و هێشتا بایکۆتمان نەکردووە

مەحموود چەلەبی، سەرۆکی پارتی ئیرادەی نیشتمانی تورکمان
مەحموود چەلەبی، سەرۆکی پارتی ئیرادەی نیشتمانی تورکمان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی پارتی ئیرادەی نیشتمانی تورکمان، رایدەگەیەنێت، نەدەبوو تورکمانەکان بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، بەڵکو پێویست بوو هەموو بە یەک لیست بەشدارییان لە هەڵبژاردن بکردبایە.

مەحموود چەلەبی، سەرۆکی پارتی ئیرادەی نیشتمانی تورکمان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، "ئێمە رەنگە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەین و بایکۆتمان نەکردووە هێشتا".

سەرۆکی پارتی ئیرادەی نیشتمانی تورکمان، ئاماژەی بەوەدا، نەدەبوو تورکمانەکان بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن، بەڵکو پێویست بوو هەموو بە یەک لیست بەشدارییان لە هەڵبژاردن بکردبایە.

مەحموود چەلەبی، دەڵێت: تا بەیانی کاتمان هەیە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئایا بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستان دەکەین یانیش بایکۆت دەکەین، بڕیاری گرنگ وەک هەمیشە دوا ساتەکان دەدرێت.

سەرۆکی پارتی ئیرادەی نیشتمانی تورکمان، گوتیشی: دەبوو دادگای فیدراڵی پێش ئەوەی بڕیار لە دژی کورسی کۆتاکان دەربکات پرسێکی بە تورکمانەکان بکردبا.

رۆژی سێشەممە (12ـی ئاداری 2024)، نوێنەرانی 10 حزب و لایەنی سیاسیی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، لە دژی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی، بڕیاریان داوە بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

ئاماژەشیان بەوە کرد، "زۆرینەی ئەو حزب و لایەنە سیاسییە تورکمانانەی لە پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی رابردوودا کورسییان هەبووە، واژوویان لەسەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کردووە".

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە، (21ـی شوباتی 2024) دادگای  فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتای پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە 111 کورسی بۆ 100 کورسی کەمکردەوە.