6 یاریزان لە ریال مەدرید دەڕۆن

بە گوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، 6 یاریزان لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو لە ریال مەدرید دەڕۆن، لە بەرامبەردا فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی ریال مەدرید دەیەوێت "یاریزانە دڵخوازەكەی مێسی بگوازێتەوە".
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانیا لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە چوار یاریزانی ریال مەدرید لە هاوینی ئەمساڵ گرێبەستەكانیان لەگەڵ ریال مەدرید كۆتایی دێت كە پێكهاتوون لە (لوكا مۆدریچ، تۆنی كرووس، ناچۆ فێرناندێز و لوكاس ڤاسكێز)، ئەمەش لە كاتێكدایە دوو یاریزانی دیكەی ریال مەدرید (كیپا و خۆسێلۆ) لە كۆتایی ئەم وەرزە ماوەی خواستنەكەیان كۆتایی دێت، ریال مەدرید بڕگەی هێشتنەوە و كڕینی ئەو دوو یاریزانەی چالاك نەكردووە.
سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە ریال مەدرید ئامادەكاری تەواوی كردووە بۆ گواستنەوەی ئەستێرەی ئارجێنتینای یانەی ریڤەرپلەیت (فرانك ماستانتۆنیۆ)، هاوكات یاریزانی هەڵبژاردەی خوار تەمەن 17 ساڵان و 20 ساڵانی ئارجێنتینا.
ماستانتۆنیۆ خۆشەویستییەكی گەورەی بۆ لیۆنێل مێسی هەیە و لەبەرخاتری ئەو یاریزانە درێسی ژمارە 30 و 10ـی لەگەڵ ریڤەرپلەیت پۆشیوە، دەشڵێت: خەونی من ئەوەیە هەمان دەستكەوتەكانی مێسی دووبارە بكەمەوە.
پێشتر لیۆنێل مێسی لە لێدوانێكدا سەرسامی و خۆشەویشتی خۆی بۆ ئەو یاریزانە لاوەی ریڤەرپلەیت دەربڕیوە و رایگەیاندبوو داهاتوویەكی گەش چاوەڕێی دەكات.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ماستانتۆنیۆ لە لایەن یانەكانی مانچێستەر سیتی، بارسێلۆنا، ئینتەر میلان و پاریس سانجێرمان هەوڵی گواستنەوەی بۆ دەدرێت، بەڵام ریال مەدرید دەیەوێت ئەم یاریزانە لاوە تەمەن 16 ساڵە لە چنگی گەورەكانی ئەورووپا دەربێنێت و هەمان سیاسیەتی ڤینسیۆس لەگەڵ ئەو یاریزانە بەكاربێنێت و بۆ تیپی كاستیای یانەكەی بیگوازێتەوە و پاشان بۆ تیپی یەكەم سەریبخات.
ڕیاڵ مەدرید گەیشتووەتە قۆناغی هەشتی چامپیۆنزلیگ، لە لالیگاش بە کۆکردنەوەی 69 خاڵ پێشەنگی گرتووە و بە 7 خاڵ لە پێش جیرۆنای دووەم و بە 8 خاڵ لە بارسێلۆنای سێیەم دوورە.

فرانك ماستانتۆنیۆ هێرشبەری یانەی ریڤەرپەلیتی ئارجێنتینا
فرانك ماستانتۆنیۆ هێرشبەری یانەی ریڤەرپەلیتی ئارجێنتینا