لە چوار رۆژدا هەشت راوێژکاری سەربازیی ئێران دیمه‌شقیان جێهێشتووە

لە چوار رۆژدا هەشت راوێژکاری سەربازیی ئێران دیمه‌شقیان جێهێشتووە
لە چوار رۆژدا هەشت راوێژکاری سەربازیی ئێران دیمه‌شقیان جێهێشتووە

K24 - هەولێر

بەگوێرەی سەرچاوەکان، لە ترسی هێرش و بۆردوومانەکان؛ راوێژکارانی سەربازیی ئێران، سووریا جێدەهێڵن. تەنیا لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا 8 راوێژکاری سەربازی ئێرانی، سووریایان جێهێشتووە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ترسی هێرشەکانی ئیسرائیل، راوێژکارانی سەربازیی ئێران سووریا جێدەهێڵن. بەتایبەت لە دوای بە ئامانجگرتنی چەند فەرماندەیەکی سەربازی ئێرانی و حزبوڵڵای لوبنانی لە ماوەی رابردوودا. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، تەنیا لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا هەشت راوێژکاری سەربازیی ئێران، سووریایان جێهێشتووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە دوای کوژرانی رەزا مووسەوی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هاوکات لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە، ئیسرائیل 23 هێرشی لە سووریا ئەنجامداون، کە 15 لەو هێرشانە ئاسمانی و، هەشتیان بۆردوومانی زەمینی بوون، ئەم هێرشانە 44 ئامانجیان پێکاوە، کە لەنێویاندا کۆگای چەک و، بارەگای سەرەکی سەربازیی بوون.

هەروەها بەهۆی ئەو هێرشانەوە 44 ئەندامی گرووپ و میلیشیاکان کوژراون کە یەكێک لە کوژراوەکان فەرماندەیەکی ئێرانییە و،21 چەکداری دیکە برینداربوون.

دابەشبوونی جوگرافی هێرشەکانی ئیسرائیل لەماوەی ئەو چەند مانگەدا بەم شێوەیەیە، 11  هێرش لە لە دیمەشق، 6  هێرشی دیکەی لە دەرعا، 3 هێرش لە حمس، 2 لە قونەیتەڕا و یەک لە تەرتووس.

لەدوای هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر و شەڕی غەززە، بەدیاریکراوی لە ساڵی 2024، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر سووریا زیاترکردووە. كەم جار ھەیە ئیسرائیل بەرپرسیارییەتی هێرشەکان لە ئەستۆ بگرێت بەڵام، ئیسرائیل بەرپرسیاریەتی سەرجەم هێرشەکانی ئەم دواییەی لە ئەستۆ گرتووە و، دەشڵێت ئامانجی هێرشەکان رێگرتنە لە هەژموونی سەربازی ئێران لە سووریا.