ئەنجامی پشکنینی DNA؛ ئەو پارچانەی جەستەی لە ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی دۆزرانەوە هی میشێڵن

وێنەی میشێڵ میندۆزا
وێنەی میشێڵ میندۆزا

K24 - هەولێر

ئەنجامی پشکنینی DNA ئەو پارچانەی جەستە کە لەژێر داروپەردووی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی دۆزرابوونەوە دەرچوو و، دەرکەوت هی میشێڵی کارگوزارن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-3-2024، فەلاح کەلهووری، کونسوڵی فەخریی فیلیپین لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە، 13-03-2024،  ئەنجامی پشکنینی  DNAـی ئەو پارچانەی جەستە کە لەژێر داروپەردووی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی دۆزرابوونەوە دەرچوو و لە ئەنجامەکاندا دەرکەوت ئەو پارچانە هی میشێڵی کارگوزاری ماڵەکەن.

فەلاح کەلهووری ئاماژەی بەوەش کرد، "ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بوو چارەنووسی میشێڵ نادیاربوو، بەڵام ئێستا ئاشکرابوو کە میشێڵیش لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی ئێران گیانی لەدەستداوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە فەرمی رایدەگەیەنێت".

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی شەممە، 17-02-2024، ئەنتۆنی میندۆسە، کوڕە گەورەکەی میشێڵ، کارگوزارەکەی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی هاتە هەولێر و پشکنینی DNA  بۆ ئەنجامدرا بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو پارچە گۆشتانەی دۆزرابوونەوە هی دایکین یان نا.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024)، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و ماڵی پێشڕەو دزەیی، بازرگان و وەبەرهێنەری دیاریی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کرد. لە ئاکامی هێرشەکەدا پێشڕەو دزەیی، ژینەی کچی و بازرگانێکی عێراقی شەهید بوون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.