رووسیا: لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە هەزار سەربازی ئۆکرانیا کوژراون

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا هەزار و 30 سەربازی ئۆکرانیا کوژراون و هەروەها 136 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانشیان خستووەتە خوارەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-3-2024، وەزارەتی بەرگری رووسیا لەبەیاننامەیەکیدا رایگەیاند، هێزەکانمان لە میحوەری کوبیانسک لە ناوچەی خارکۆڤ لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، بەرپەرچی هێرشێکی هێزەکانی ئۆکرانیایان دایەوە، کە بووە هۆی کوژرانی 30 سەربازی ئۆکرانی، وە پێنج تانکی دوژمن و چەک و ئۆتۆمبێلی سەربازیان لەناوبراوە.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەشهاتووە، لە میحوەری دۆنێتسک هێزەکانمان پێگە سەربازییەکانی سەربازانی ئۆکرانیایان کۆنتڕۆڵکرد و 240 سەرباز کوژران و سێ تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی دیکە و کۆگایەکی تەقەمەنیش لەناوبران.

دەشڵێت: لە شاری ئەڤدیڤکا، بەرپەرچی هەشت هێرشی سەربازانی کیێڤیان داوەتەوە، کە لەهێرشەکاندا 410 سەرباز کوژراون و زرێپۆشەک و فڕۆکەیەکی جۆری AN/TPQ 36 تێکشکێندرا.

وەزارەتی بەرگری جەختیشیکردەوە، لە باشووری دۆنێتسک 125 سەربازیان کوشتووە، لە خێرسۆنیش 30 سەرباز ئۆکرانی کوژراون.

لەبەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بەرگرییەکانمان بۆمبێکی ئاسمانی هەمەری فەرەنسی و چوار مووشەکی هیمارسی ئەمەریکی و چوار مووشەکی گراد، لەگەڵ 136 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە.