دوو یانەی كوردستانی گەیشتنە قۆناغی هەشتی جامی عێراق

دوو یانە كوردستانییەكەی قۆناغی هەشتی جامی عێراق هەولێر و نەورۆز
دوو یانە كوردستانییەكەی قۆناغی هەشتی جامی عێراق هەولێر و نەورۆز

هەولێر دوای نەورۆز بووە دووەمین یانەی كوردستانی گەیشتە قۆناغی هەشتی جامی عێراق، بەپێی خشتە و دابەشبوونەكەش ئەم دوو یانەیە تا یاریی كۆتایی رووبەڕووی یەكتر نابنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14 ئاداری 2024، لە قۆناغی 16ـی جامی عێراق، لە نێو یاریگەی ئەحمەد رازی لە بەغدا یانەی هەولێر بووە میوانی كەرخ، ئەگەرچی هەولێر لەم یارییە لە توانایەكانی 3 یاریزانی كاریگەری بێبەش بوو كە پێكهاتبوون لە (ئاكام هاشم، محەمەد قاسم و رەوا یوسف) بەڵام خۆی بەدەستەوە نەدا و بە گۆڵێكی عەلی موحسین یارییەكەی بردەوە و بلیتی قۆناغی هەشتی جامی عێراقی بڕی.
هەولێر لە قۆناغی داهاتووی جامی عێراق رووبەڕووی یانەی نەفتی شاری بەغدا دەبێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە یانەی نەفت لەسەر ئەستۆی تەڵەبە خۆی گەیاندووەتە ئەم قۆناغە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی لە نێو جەرگەی بەغدا شكستی بە كارەبا هێنا و گەیشتە قۆناغی داهاتووی جامی عێراق، لەم قۆناغەش لە ئەركێكی سەخت رووبەڕووی زەورا دەبێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە زەورا زۆر بە ئەستەم بە لێدانە یەكلاكەرەوەكان لە كەربەلای بردەوە و گەیشتە ئەم قۆناغە.
یانەی شوڕتەی بەغدا بە لێدانی یەكلاكەرەوە زۆر بە ئەستەم بەربەستی یانەی زاخۆ ببڕێ و لە قۆناغی هەشت چاوەڕوانی براوەی یاریی مینا و حدوود دەكات.

.
.