رۆژانە زیاتر لە 4000 فەرمانبەر لە پڕۆژەی 'هەژماری من' تۆمار دەکرێن

تۆمارکردن لە پڕۆژەی هەژماری من
تۆمارکردن لە پڕۆژەی هەژماری من

K24 – هەولێر:

رۆژانە زیاتر لە چوار هەزار فەرمانبەر لە پرۆژەی 'هەژماری من' تۆمار دەکرێن، ئێستا پرۆژەکە لە دهۆک و سلێمانیش کەوتووەتەکار، ئەو فەرمانبەرانەی مامەڵەکانیان تەواو بووە لە رێگەی کورتە نامەیەکەوە ئاگاداردەکرێنەوە بۆ وەرگرتنەوەی کارتە بانکیەکانیان، رۆژانە نزیکەی چوار بۆ پێنج هەزار کارتی بانک دەدرێتەوە بە فەرمانبەران.

کەژاڵ موزەفەر، فەرمانبەر بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێشتر مووچەی لە بانکەکان وەردەگرت، زۆرینەی جار بەهۆی قەرەباڵغییەوە درەنگ نۆرەی دەهات بۆ مووچە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی پڕۆژەی هەژماری من تووشی قەرەباڵغی نابێت لە نۆری وەرگرتنی مووچە، چونکە بەهۆی کارتە بانکییەکەی لە هەر شوێنێک کە بیەوێت دەتوانێت پارەی مووچەکەی رابکێشێت.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی مامەڵەی پرۆژەی هەژماری منی بۆ کراوە و زیاتر لە 130 هەزار فەرمانبەریش کارتی بانکییەکەیان وەرگرتووەتەوە، پرۆسەکە بە خێرایی بەڕێوەدەچێت.

لای خۆیەوە رامیار رزگار، شارەزای ئابووری، بە کوردستان24ـی گوت: پڕۆژەی هەژماری من کارئاسانییەکی گەورە و دڵنیاییە بۆ فەرمانبەران، هەروەها فەرمانبەران دەتوانن لە رێگەی ئەم پڕۆژەوە سوود لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان وەربگرن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە فراوانکردنی پڕۆژەی هەژماری من و ئێستا لە حەوت شاری هەرێمی کوردستان دەست بە تۆمارکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من کراوە، رۆژانە زیاتر لە چوار هەزار فەرمانبەر لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار دەکرێن، پێنج بانکی گەورە لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و بڕیارە چەند بانکێکی دیکەش پەیوەندی بەو پڕۆژەیەوە بکەن.