یانەی غازی عەنتاب بارودۆخی باش نیە

یانەی غازی عەنتاب
یانەی غازی عەنتاب

لە خولی نایابی تورکیا دوو یانە نوێنەرایەتی باکووری کوردستان دەکەن، ئەوانیش یانەکانی غازی عەنتاب سپۆر و هەروەها سێڤاس سپۆرن. بەڵام یانەکەی یەکەم بارودۆخی باش نیە نزیکە لە دابەزین.

غازی عەنتاب سپۆر پێنجەم وەرزیەتی لەسەر یەک بەشداری خولی نایابی تورکیا دەکات، ئەو یانەیە لە دوو وەرز پلەکانی هەشتەم و نۆیەمیان بەدەستهێناوە، وەرزەکانی دیکەش بەردەوام رکابەری مانەوەیان لە خولەکە کردووە، ئەم وەرزەش ئەو یانەیە بارودۆخی باش نیە، هەرچەندە لە دوایین یاریی توانی بردنەوەیەکی گەورە و مێژوویی بەرامبەر بێشیکتاش یەکێک لە گەورەکانی تورکیا بباتەوە.

نوێنەرەکەی باکووری کوردستان ئەم وەرزە لە کۆی 29 یاریی خاوەنی 31 خاڵن و لە پلەی 15ـی ریزبەندی خولی نایابی تورکیا دێن، جیاوازیان لەگەڵ ناوچەی دابەزین تەنها یەک خاڵە، بۆیە ئەو یانەیە لە پێناو مانەوە لە خولی نایاب، پێویستە لە کۆی ئەو 9 یارییەی کە ماویەتی لەم وەرزە، زۆربەیان بباتەوە.

لەلایەکی دیکەوە یانەی سێڤاس سپۆر دووەم نوێنەری کوردستان، ئەو یانەیە بارودۆخی باشترە و لە کۆی 29 یاریی ئەم وەرزەیان، خاوەنی 38 خاڵن و لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولی نایابی تورکیا دێن، بەڵام ئەمەشیان ئەگەر لەو یارییانەی کە ماویانە ئەنجامی باش بەدەست نەهێنن، ئەو کات مەترسیان دەکەوێتە سەر، بەهۆی ئەوەی جیاوازیان لەگەڵ ناوچەی دابەزین، تەنها 7 خاڵە.