حەشدی شەعبی.. لە دوو ساڵدا ژمارەیان دووهێندە زیادیکردووە و هیچ داتایەکیشیان لە بودجەدا نییە

هێزەکانی حەشدی شەعبی
هێزەکانی حەشدی شەعبی

K24 – هەولێر:

ژمارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ماوەی دوو ساڵدا بۆ دوو هێندە زیادیکردووە و هیچ داتا و زانیارییەکیش لەبارەی ژمارەی پلە و وردەکاریی ئەو هێزانە لە یاسای بودجەدا نییە، کەچی لە بەرامبەردا، وەزیری دارایی عێراق ناردنی زانیارییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دەکاتە پێشمەرجی ناردنی مووچەکانیان.

داواکردنی لیستی ناوەکانی هێزی پێشمەرگە لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەت فیدراڵ، بۆ پێدانی مووچە رەخنەی تووندی لێ دەکەوێتەوە لە بەرامبەردا، بە گەڕانەوە بۆ یاسای بودجەی عێراق؛ هیچ داتا و زانیارییەک لەبارەی حەشدی شەعبی ئاماژەی پێنەکراوە جگە لە بودجەیەکی زەبەلاحیش ژمارەی هێزەکان لە 2021 بۆ 2023، 95% زیادیکردووە و زیاتر لە سێ ترلیۆن دیناریان بۆ تەرخانکراوە.

تەیف سامی، وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ، داوای لیستی ناوی هێزەكانی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆی کردووە و کردوە و دەڵێت، پێویستە سەرجەم زانیارییەکان سەبارەت بە هێزەکانی پێشمەرگە پێشکەشی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێن و ئاماژەی بەوەشکردووە: تەواوی ئامار و داتای هێزەکانی حەشدی شەعبیم لەبەردەستدایە.

کەچی بە گەڕانەوە بۆ بودجەی عێراق لە ساڵی 2016ـەوە تاوەکو 2023 تێبینی ئەوە دەکرێت، جگە لە ژمارەی کۆتایی هێزەکان کە ئەویش لە چوار ساڵدا ئاماژەی پێنەکراوە، هیچ داتا و زانیارییەکی دیکە بەردەست نییە.

وێڕای نەبوونی داتا لەبارەی ژمارەی پلە و وردەکاریی هێزەکان، حەشدی شەعبی لە سەرەتای دامەزرانییەوە بودجەیەکی زەبەلاح بۆ دەستەبەرکراوە. لە ساڵی 2016 ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی بە 110 هەزار کەس مەزەندە کراوە و تریلۆنێک و 745 ملیار دیناریان بۆ تەرخانکراوە، ساڵی 2017 ژمارەی کۆتایی دەگاتە 122  هەزار و ترلیۆنێک و 917 ملیار دیناریان بۆ تەرخان دەکرێت.

ساڵی 2018 هیچ داتایەک بەردەست نییە و ترلیۆنێک و 388 ملیار دیناریان بۆ تەرخان کراوە، ساڵی 2019 بەهەمان شێوە هیچ داتایەک نییە و دوو ترلیۆن و 592 ملیار دینار وەک بودجەی دەستەی حەشدی شەعبی دیاریکراوە، بەهەمان شێوە ساڵی 2021 وێڕای نەبوونی ژمارەی کۆتایی هێزەکان، سێ ترلیۆن و 294 ملیار دیناریان بۆ تەرخانکراوە.

لە بودجەی سێ ساڵی عێراق هاوشێوەی ساڵانی پێشووتر، تەنیا ئاماژەی بە ژماری کۆتایی ئەندامان کراوە، ژمارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی 95% زیاد دەکات، ژمارەکە لە 122 هەزار کەسەوە بۆ 238 هەزار کەس بەرزبووتەوە و بودجەی تەرخانکراویش گەیشتووەتە سێ ترلیۆن و 743 ملیار دینار.