ژمارەی کوژراوانی غەززە 31 هەزار و 400 کەسی تێپەڕاند

شەڕ لە غەززە بەردەوامە و رۆژانە خەڵک ئاوارە دەبێت (وێنە: AFP)
شەڕ لە غەززە بەردەوامە و رۆژانە خەڵک ئاوارە دەبێت (وێنە: AFP)

K24 – هەولێر:

تەندروستی غەززە بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرش و بۆردومانی سوپای ئیسرائیل لە غەززە، ژمارەی کوژراوان کە سەرجەمیان هاووڵاتی سڤیلن گەیشتە 31 هەزار و 490 کەس.

تەندروستی غەززە، رایگەیاند، تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوو 149 کەس کوژراون، بەم شێوەیەش ژمارەی کوژراوان لە 7ـی ئۆکتۆبەری رابردووەوە گەیشتە 31 هەزار و 490 کەس، 73 هەزار و 439 کەسی دیکەش بریندارن.

زیاتر لە پێنج مانگە شەڕ بەردەوامە، هیچ ئاسۆیەکیش بۆ کۆتاییهاتنی نییە، حەماس بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە پێشنیازیکردووە ئیسرائیل تەواوی زیندانییە فەڵەستینییەکان ئازاد بکات، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل پێشنیازەکەی حەماس رەتدەکاتەوە.

160 رۆژە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەهۆی درێژە کێشانی شەڕو نەگەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی سڤیلی ئەو کەرتە هۆشداری لە روودانی کارەساتێکی مرۆیی دەدەن بەهۆی بڵاوبوونەوەی برسێتی و نەخۆشی.

خەڵکی غەززە بەدەست کەمئاوی و کەمخۆراکی دەناڵێنن، نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریداوە، لەکۆی دوو ملیۆن و 300 هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە بەلایەنی کەم 576 هەزار کەس واتا 25% دانیشتووانی ئەو کەرتە بەهۆی نەبوونی ئاسایشی خۆراک رووبەرووی دۆخێکی کارەساتبار بوونەتەوە.