ئۆنروا: لەکۆی 36 نەخۆشخانە لە غەززە تەنیا 12 نەخۆشخانە بەشێوەیەکی سنووردار کاردەکەن

ئاژانسی کار و حەواندنەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستینی ناسراو بە ئۆنروا
ئاژانسی کار و حەواندنەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستینی ناسراو بە ئۆنروا

K24 – هەولێر:

ئۆنروا رایگەیاند، ئێستا لە غەززە بەهۆی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، تەنیا 12 نەخۆشخانە بە شێوەی سنووردار کاردەکەن.

ئاژانسی کار و حەواندنەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستینی ناسراو بە ئۆنروا ئاشکرایکرد، ئێستا لە غەززە بەهۆی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لەکۆی 36 نەخۆشخانە، تەنیا 12 نەخۆشخانە بەشێوەیەکی سنووردار کاردەکەن.

ئەو ئاژانسە ئاماژەی بەوەدا، لە کۆی ئەو 12 نەخۆشخانەیەش کە بەشێوەیەکی سنووردار کاردەکەن، تەنیا 2 نەخۆشخانەیان خزمەتگوزاریی منداڵبوون پێشکەشدەکەن، لەکاتێکدا رۆژانە لە غەززە 180 ئافرەت منداڵیان دەبێت.

جەختی لەوەشکردەوە، ئۆنروا بەردەوامە لە پێدانی هاوکاریی پزیشکی بە ناوەندە تەندروستییەکان.

لای خۆیەوە تەندروستی غەززە، رایگەیاند، تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوو 149 کەس کوژراون، بەم شێوەیەش ژمارەی کوژراوان لە 7ـی ئۆکتۆبەری رابردووەوە گەیشتە 31 هەزار و 490 کەس، 73 هەزار و 439 کەسی دیکەش بریندارن.

زیاتر لە پێنج مانگە شەڕ بەردەوامە، هیچ ئاسۆیەکیش بۆ کۆتاییهاتنی نییە، حەماس بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە پێشنیازیکردووە ئیسرائیل تەواوی زیندانییە فەڵەستینییەکان ئازاد بکات، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل پێشنیازەکەی حەماس رەتدەکاتەوە.