محەممەد حاجی مەحموود: حکوومەتی عێراق بە پارەی هەڵەبجە کوەیتی قەرەبوو کردەوە

محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان
محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان

K24 - هەولێر

سکرتێری پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەڵێت، حکوومەتی عێراق بە پارەی هەڵەبجە کوەیتی قەرەبوو کردەوە. بە پێویستیش دەزانێت، دۆسیەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە گەورە بکرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 16-03-2024، محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "حکوومەتی عێراق پارەی خەڵکی هەڵەبجەی برد قەرەبووی کوەیتی پێ دایەوە. پێویستە قەرەبووی خەڵكی هەڵەبجە بداتەوە".

محەممەد حاجی مەحموود بە پێویستی دەزانێت، دۆسیەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە گەورە بکرێت، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، "ستەمێکی زۆری لێ کراوە و ئەو حکوومەتەی بۆردوومانی کردووە حکوومەتی وڵاتەکەی خۆی بووە".

بە گوتەی سکرتێری  پارتی سۆسیالیستی کوردستان، "بە دڵنیاییەوە تاکە چەکی بەهێز کە ئەمڕۆ لە دەستی خەڵکی کوردستانە، یەکڕیزی هەموو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی هەموو هەرێمی کوردستانە".

 

 

36 ساڵ بە سەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ شەممە (16ی ئاداری 2024)، 36 ساڵ بە سەر کیمیابارانی شاری هەڵەبجە تێدەپەڕێت، کەچی دوای 13 ساڵ لە بە جینۆسایدناساندنی تاوانی کیمیابارانەکە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق وەک میراتگری رژێمی پێشوو ئامادە نەبووە قەرەبووی قوربانیان بکاتەوە.

رۆژی 16ی ئاداری 1988، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ناوەندی شاری ھەڵەبجە و دەوروبەری شارەکەیان بە گازی کیمیایی بۆمباران کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و زیاتر لە دە هەزار ھاووڵاتیی دیکەیش برینداربوون، کە تاوەکوو ئێستاش بەشێکیان بەدەست ئازارەکانییانەوە گرفتارن.

 بەگوێرەی ئامارەکان %68ی قوربانییەکان تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵەوە بوونە، لە دوای کیمیابارانەکە لە کۆی 216 گوند 198 گوندیان بە تەواوی وێرانکران، سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشتی ناوچەکە بە رێژەی %100 زیانی پێگەیشت.

هەروەها بەهۆی کۆڕەوی هاووڵاتییان بۆ رزگاربوون لەو گازە کوشندەیە و پەنابردنە خۆرهەڵاتی کوردستان و ئێران 211 منداڵی 74 خێزان ونبوون، کە ژمارەیەکی کەمیان بە خێزانەکانیان شادبوونەتەوە.

دوای زیاتر لە سێ دەیە 900 لە بریندارەکان هێشتا کاریگەری گازە کیمیاییەکانیان لەسەر ماوەو رێژەی لە بارچوونی کۆرپەلە 14 هێندەی حاڵەتی ئاسایی زیادی کردووە بەهۆی کاریگەرییەکانی کیمیابارانەکەوە، هاوکات نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی قۆڵۆن 10 هێندە و نەخۆشییەکانی دڵ 4 هێندە لە نێو دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتربوونە، ئەمە جیا لەوەی کاریگەری لە کیمیابارانەکەدا بەکارهێنران راستەوخۆ کاریگەریان لە سەر کۆئەندامی هەناسەدان و نەخۆشییەکان پێست و چاو هەبوو، کە تاوەکوو ئێستاش بەشێکی زۆری بریندارەکان چاری بەردەوام وەردەگرن.

رۆژنامەى "دی تاگستایتونگ"ـی ئەڵمانی، لە (17ی کانوونی یەکەمی 2002)دا لە بەگوێرەی راپۆرتێکیدا ئاشکرای کردووە، زیاتر لە 158 کۆمپانیای جیھانی بەڕێگەی نایاسایی هاوکاری رژێمی بەعسیان داوە، بۆ بەدەستھێنانی کەرەستەی جەنگی جۆراوجۆر بە چەکی  کیمیایی و بایلۆژییەوە.