مونا قەهوەچی: سەرۆککۆماری عێراق بەرانبەر بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێدەنگە

مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، دەڵێت: دادگای فیدراڵی لە سەرەووی دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆماری عێراق بڕیار دەدات، هەروەها سەرۆککۆماریش بەرانبەر بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێدەنگە.

مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، لە دەستووری عێراقدا ماددەی 67 بە تەواوەتی دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆماری دیاریکردووە، ئێستا کاتیەتی کە چاودێری بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بکات، لەبەر ئەوەی ئەم دادگایە بە هەموو شێوەیەک پێشێلی دەستووری کردووە.

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، ئاماژەی بەوەدا، سەرۆککۆماری عێراق بەرانبەر بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێ دەنگە و هیچ هەڵوێستێکی نییە.

مونا قەهوەچی، دەڵێت: پێکهاتەکان بە تەواوی مافەکانیان پێشێل کراوە، هەروەها دادگای فیدراڵی لە سەرەووی دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆماری عێراق بڕیار دەدات.

گوتیشی: دادگای فیدراڵی لە دەرەوەی دەستوور دانراوە، ئێستا کاتی ئەوەیە ئەنجوومەنێک بۆ ئەو دادگایە دابندرێت کە نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی تێدابێت.

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، باسی لەوەشکرد، پێکهاتەکان بە هەموو شێوەیەک بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و داواکارن کورسی کۆتا بگەڕێتەوە.

رۆژی چوارشەممە، (21ـی شوباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراببون، کۆبووەوە.

لە دانیشتنەکەدا دادگای فیدراڵی دژی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، هاوکات ژمارەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمان هەڵوەشێنداریەوە و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش لە 111ـەوە کەمکرایەوە بۆ 100 کورسی.

لای خۆیانەوە پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە کورسی کۆتاکان دەربڕی و بڕیارەکە رەتدەکەنەوە.

هاوکات بڕیارەکەی دادگا بە سیاسی دەزانن و جەختیش لە گەڕانەوەی مافەکانیان دەکەنەوە.