موسەننا ئەمین: حکومەت و پەرلەمانی عێراق بەرانبەر هەڵەبجەییەکان کەمتەرخەمن

موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق
موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق

K24 – سلێمانی:

پەرلەمانتارێکی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، دوو قەرەبووکردنەوە بۆ هەڵەبجە پێویستن، یەکیان بە پارێزگاکردنی شارەکە لە رووی مەعنەوی و ئەوەی دیکە قەرەبووی شارەکە و کەسووکاری قوربانییانی.

ئەمڕۆ شەممە (16ـی ئاداری 2024) موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ماوەکانی رابردوودا دوو خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق کرا، دوو هەفتە بەر لە ئێستا زیاتر لە 60 واژۆمان کۆکردەوە بۆ ئەوەی بخرێتە ئەجێندای پەرلەمان، بەڵام بەداخەوە لە کاتێکی وەک ئێستادا کە پەرلەمان بێ سەرۆکە ئەستەمە بخرێتەوە ئەجێندای کار.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق دەڵێت: دوو قەرەبووکردنەوە بۆ هەڵەبجە پێویستن یەکیان بە پارێزگاکردنی شارەکە لەرووی مەعنەوی و ئەوەی دیکە قەرەبووی شارەکە و کەسووکاری قوربانییان، بەڵام پەرلەمان و حکومەتی عێراق کەمتەرخەمیان لەم پرسەدا کردووە.

ئەمڕۆ شەممە (16ی ئاداری 2024)، 36 ساڵ بە سەر کیمیابارانی شاری هەڵەبجە تێدەپەڕێت، کەچی دوای 13 ساڵ لە بە جینۆسایدناساندنی تاوانی کیمیابارانەکە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق وەک میراتگری رژێمی پێشوو ئامادە نەبووە قەرەبووی قوربانیان بکاتەوە.

رۆژی 16ـی ئاداری 1988، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ناوەندی شاری ھەڵەبجە و دەوروبەری شارەکەیان بە گازی کیمیایی بۆمباران کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و زیاتر لە دە هەزار ھاووڵاتیی دیکەیش برینداربوون، کە تاوەکوو ئێستاش بەشێکیان بەدەست ئازارەکانییانەوە گرفتارن.

بەگوێرەی ئامارەکان 68%ـی قوربانییەکان تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵەوە بوونە، لە دوای کیمیابارانەکە لە کۆی 216 گوند 198 گوندیان بە تەواوی وێرانکران، سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشتی ناوچەکە بە رێژەی 100% زیانی پێگەیشت.