پێشەوا هەورامانی: سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەرجەم داواکارییەکانی خەڵکی هەڵەبجەی جێبەجێکرد

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگی دیکە لە هەڵەبجە لە قۆناغی جێبەجێکردندان، کە چەندەها هەلی کار بۆ دانیشتووانەکەی دەڕەخسێنێت، هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێم هەموو کار ئاسانییەک بۆ وەبەرهێنەران دەکات کە بیانەوێت وەبەرهێنان لەو شارەدا بکەن.

ئەمڕۆ شەممە ( 16ـی ئاداری 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەڵێنەکەی خۆی بەرامبەر بە هەڵەبجەییەکان بردە سەر، بە دەستی پڕ سەردانی پاریزگاکەی کرد و کۆمەڵێک پڕۆژەی جێبەجێ کرد.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند، کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگی دیکە لەو پارێزگایە لە قۆناغی جێبەجێکردندان، کە چەندەها هەلی کار بۆ دانیشتووانەکەی دەڕەخسێنێت، هەروەها حکومەت هەموو کار ئاسانییەک بۆ وەبەرهێنەران دەکات کە بیانەوێت وەبەرهێنان لەو شارەدا بکەن.

هەورامانی ئاماژەی بەوەدا، دەسەڵاتدارانی عێراق هیچ کاتێک کوردیان بە بەشێک لەخۆیان نەزانیوە، ئەگەرنا دەیانتوانی لە دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەسەند بکەن، بەڵام تا ئێستا ئەو کارەیان نەکردووە و دان بەوە نانێن کە ستەم لە دانیشتووانی ئەو شارە کراوە.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، حکومەتی عێراق بەرانبەر بە هەڵەبجە و دانیشتووانەکەی کەمترخەم بووە، تا ئێستا ئەو جینۆسایدانەی کە رژێمی پێشوو بەرانبەر بە کورد ئەنجامیداوە، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق داوای لێبوردنیان نەکردووە و قەرەبووی خەڵکەکەشیان نەکردووەتەوە.

رۆژی هەینی (15ـی ئاداری 2024) بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر دەرکردنی سێ بڕیاری گرنگ لە بەرژەوەندی کەرتی وەبەرهێنانی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە.

گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان لەبارەی بڕیاری یەکەمەوە رایگەیاند: بەخشین لە رێنماییەکانی وەبەرهێنان بە ژمارەکانی (1 و 2 و 3ـی ساڵی 2021) کە پەیوەستن بە کرێی خزمەتگوزاری، نرخی هاندراوی زەوی بۆ تەملیک یان بانەوانی، تەرخانکردنی زەوی) بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان بەپێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان بە ژمارەکانی (584، 585 و 586 لە (5ـی ئایاری 2021).

هەروەها بەرگەشت ئاکرەیی ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ناوەڕۆکی بڕیارەکە کەمکردنەوەی قەبارەی سەرمایەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ 500 هەزار دۆلار دەکرێت بە مەرجێک سەرمایەی پرۆژەکان سێ هێندەی نرخی راستەقینەی زەوی پرۆژەکە بێت و دەستی کاری ناوخۆیی لە پرۆژەکاندا بەکاربهێندرێت.

هاوکات بڕیاری سێیەم وەک گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ئاشکرایکرد تایبەتە بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای هەڵەبجە و رایگەیاند: زەوییەکانی پارێزگای هەڵەبجە کە زۆربەی کشتوکاڵیین و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هەڵدەستێت بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان بە ئامادەکردنی نەخشەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لەو پارێزگایە و دیاریکردنی ئەو زەوییانەی بۆ پرۆژە کشتوکاڵییەکان بەکاردەهێندرێت و دەستهەڵگرتن لەو زەوییانەی کە بەردەڵانن بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە سێکتەرەکانی دیکە.