رێگری له‌ به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كرێت

مۆنۆمێنتی شەهیدان لە هەڵەبجە
مۆنۆمێنتی شەهیدان لە هەڵەبجە

K24 – بەغدا:

پارێزگای هەڵەبجە لەنێو بەرداشی دوو ستەمی مێژوویدایە، ستەمێک لە رێگەی کارەساتی چەکی کیمیایی و شەهیدکردنی هەزاران کەسی بێتاوانی ئەو شارە. ستەمەکەی دیکەش، ستەمێکی سیاسییە و چەند پارت و لایەنێکی سیاسی عێراق رێگری لە بەپارێزگابوونی ئەو شارە دەکەن.

وادیارە ئەو هەزاران شەهیدەی هەڵەبجە لە رەشەکوژییەکەی چەکی کیمایی داویەتی بۆ  هەندێک پارتی سیاسی عێراق هێشتا بەس نییە. ئەوانەی تا ئێستاش هەمان ستەم لە رۆڵەکانی ئەو شارە دەکەن، بەڵام ئەمجارە بە شێوازێکی جیاواز و لە رێگەی رەتکردنەوەی پێدانی مافەکانیان و بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە.

سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، عەقڵیەتی شۆڤێنی هێشتا لە عێراقدا ماوە، ئەو عەقڵیەتەی کە هەڵبجەی کیمیاباران کرد، هەر ئەو عەقڵییەتەیە کە ئەمەڕۆ بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە.

لەلایەن خۆیەوە سەلاح بووشی، شڕۆڤەکاری سیاسی، بە کوردستان24ـی گوت: "پێویستە بەر لەوەی هەڵوێستێکی سیاسی هەبێت، هەوڵوێستێکی مرۆڤانە هەبێت، چونکە لەم چەند ساڵەی دوایدا پشتگیریی سیاسی بۆ ئەم دۆسیەیە لاوازبووە، بۆیە ئەمە بەر لە هەموو شتێک هەڵوێستێکی مرۆڤانەیە و پێویستە لە ساڵیادی ئەو قوربانیدانە بە شانازییەوە هەڵوێستمان هەبێت".

ئەو کارەساتە مەزنە و ئەو ستەمە گەورەیەی بەسەر شاری هەڵەبجەدا هاتووە، بەهۆی بۆمبارانکردنی بە چەکی کیماییەوە، جارێکی دیکە دووبارە دەبێتەوە، ئەمجارە لە رێگەی سیاسیەت و رێگریکردن  لە بەپارێزگاکردنی شارەکە و جێبەجێکردنی رێکارەکان لەلایەن حکومەت و پەرلەمانی عێراق.