هاوار نێروەیی: هەمان عەقڵییەتی پێشوو لە عێراق باڵادەستە

هاوار نێروەیی، شرۆڤەکاری سیاسی
هاوار نێروەیی، شرۆڤەکاری سیاسی

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسی دەڵێت: عێراق لە دوای 2003ـەوە هیچ کاتێک بەرژەوەندی و داواکارییەکانی گەلەکەی لەبەرچاو نەگرتووە، بەڵکو عێراق لەسەر بەرنامە و ستراتیژیەتی وڵاتێکی هەرێمیی دروستبووە و هەر بۆ بەرژەوەندی ئەویش کار دەکات.

هاوار نێروەیی، شرۆڤەکاری سیاسی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەروەکو جەنابی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی پێدا هەمان عەقڵییەتی شۆڤینی لە عێراقدا ماوە، تەنیا کەسەکان گۆڕان، بەڵام هەمان بەرنامە و کولتووری رژێمی بەعس جێبەجێ دەکەن.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، دەڵێت: بەشێک لەو عەرەبانەی کە لە عێراقدا بەڵادەستن بە هیچ شێوەیەک قبوڵی بوونی مەزهەبی جیاواز و پێکهاتەی جیاواز ناکەن، هیچ شتێک بە ناوی پێکەوەژیانی مەزهەبی لەناویاندا نییە، لە ئێستادا هەولێر باشترین نموونەی پێکەوەژیانی لە نێوان پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکاندا نیشانی جیهان داوە.

هاوار نێروەیی، ئاماژەی بەوەدا، دروستکردنی عێراقێکی نوێ لە دوای 2003ـەوە هیچ کاتێک بەرژەوندی و داواکارییەکانی گەلەکەی لەبەرچاو نەگرتووە، بەڵکو لەسەر بەرنامە و بەرژەوەندی ستراتیژی وڵاتێکی هەرێمیی دروستبووە کە وادەکات عێراق هەمیشە لەنێو قەیراندا بێت، هیچ ئاسۆیەکی روونیش نییە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە سەقامگیر بێت.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، گوتی: عێراق لە دوای 2003ـەوە هەوڵیداوە بە چەکی پێشکەوتووتر خەڵک و قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو ببات، لەوانەش دادگای فیدراڵی کە وەک چەکێکی مۆدێرن هەمیشە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان بەکاریدەهێنن.

گوتیشی: هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا نەکەوتووەتە ژێر هەژموونی ئێران، ئەو هەرێمە وەک عێراق خۆی رادەستی بەرنامە و بەرژەوەندییەکانی ئێران ناکات.