بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڕووسیا سەدا58ی تێپەڕاند

بنکەیەکی دەنگدان لە شاری یوژنۆ ساخالینسک - دوورگەی ساخالین - وێنە AFP
بنکەیەکی دەنگدان لە شاری یوژنۆ ساخالینسک - دوورگەی ساخالین - وێنە AFP

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە (17ی ئاداری 2024) سێیەم ڕۆژ و کۆتا ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڕووسیایە، بە گوێرەی ئامارەکانی لیژنەی هەڵبژاردنی ڕووسیا، ڕێژەی بەشداری لە پرۆسەکە لە 58%ی تێپەڕاندووە.

لیژنەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا بڵاوی کردووەتەوە، لەو چوار هەرێمەی ئۆکرانیا کە بە ڕووسیاوە لکێندراون، ڕێژەی دەنگدان لە سەرووی 50%بووە.

هەروەها تا وەکوو ئێستا سێ ملیۆن و هەشت سەد هەزار دەنگدەر لە ڕێگەی دەنگدانی ئەلیکترۆنییەوە بەشدار بوون، پرۆسەکەش تا وەکوو ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت، دواتر قۆناغی جیاکردنەوەی دەنگەکان دەست پێدەکات.

بۆ ئەم خوولەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ڕووسیای فیدراڵ، هەر یەک لە ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ئێستای رووسیا، نیکۆلای خاریتۆنۆڤ کاندیدی حزبی شیوعی، ڤلادیسلاڤ داناڤانکۆڤ کاندیدی پارتی خەڵکی نوێ و لیۆنید سلۆتسکی کاندیدی پارتی لیبرالی دیموکرات لە کێبڕکێ دان.

پرۆسەی دەنگدان لە بەرە بەیانی ڕۆژی هەینییەوە دەستی پێکرد و بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڕووسیا، ئەگەر هیچ کام لەم چوار کاندیدە، نەتوانن پەنجا کۆ یەکی دەنگەکان بە دەست بهێنن، لە دوای سێ هەفتەی دیکەدا دەچنە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن.

لە سەرانسەری ڕووسیا سەد و دوازدە ملیۆن و سێ سەد هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە دەرەوەی وڵاتەکەش ملیۆنێک و نۆ سەد هەزار کەسی دیکە مافی دەنگدانیان هەیە.