ئەفریقای ناوەڕاست: ڕووسیا هەوڵی گەورەی داوە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایشی وڵاتەکە

فێلیکس مۆلوا، سەرۆکوەزیرانی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست
فێلیکس مۆلوا، سەرۆکوەزیرانی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست ڕایگەیاند، ڕاهێنەرە سەربازییەکانی ڕووسیا هەوڵی گەورەیان داوە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ وڵاتەکەی.

فێلیکس مۆلوا، سەرۆکوەزیرانی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست ڕایگەیاند، ڕاهێنەرە سەربازییەکانی ڕووسیا هەوڵی گەورەیان داوە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ وڵاتەکەمان، بۆیە بەخێرهاتنیان دەکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاهێنەرە ڕووسەکان لە کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست کارێکی گرنگیان کردووە و بەردەوامن لەم کارە. لە سایەی هەوڵی ئەوان، ئێمە هەنگاو دەنێین بەرەو گەیشتن بەو دیدگایەی کە لە ئەفریقای ناوەڕاستدا هەیە. لای خۆیەوە فوستین-ئارچانغ توادێرا، سەرۆککۆمار هەوڵ دەدات بۆ دامەزراندنی سوپایەکی بەهێز بۆ وڵات.

ئەو گوتیشی: "کاتێک کۆبوونەوەی لیژنە هاوبەشەکان دەکەین، بابەتی  ئاسایش و سەقامگیری دەوروژێنین، ئەگەر بۆمان دەرکەوت کە پێویستی بە زیادکردنی ژمارەی ڕاهێنەرانی ڕووس هەیە، ئەوا خۆمان داوایان لێدەکەین ڕاهێنەری زیاترمان بۆ بنێرن".

سەرۆکی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست لە مانگی شوباتی ئەمساڵ سەردانی مۆسکۆی کرد و لەوێ بەشداری لە کۆڕبەندی "ڕووسیای یەکگرتوو" کرد، کە نوێنەرانی ئاسیا، ئەفریقا، ئەمەریکای لاتین و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەو کۆڕبەندەدا بەشدارییان کردبوو.