ئەفغانستان .. لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا زیاتر لە 20 کەس گیانیان لەدەست دا

K24 – هەولێر

رادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمیی ئەفغانستان سەر بە حکوومەتی تاڵیبان بڵاوی کردووەتەوە، بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای هێلمەند 21 کەس گیانیان لەدەستداوە و 11 کەسی دیکەش برینداربوون.

کەناڵەکە ئاماژەی داوە، ڕووداوەکە لە ڕێگەی نێوان ناوچەی یەخچال و شارۆچکەی گەرشەکی سەر بە پارێزگای هێلمەند بەهۆی پێکدادانی پاسێکی پڕ لە سەرنشین و تانکەرێکی سووتەمەنیی و ماتۆڕسیکلێک ڕووی داوە،  پاسەکە بە سەرنشینەکانەوە گڕی گرتووە و زۆرینەی قوربانییەکان سووتاون.

میدیای فەرمی تاڵیبان ئاماژەی داوە، بریندارەکان گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی سەربازیی شارۆچکەی گەرشەک.

هەروەها میدیاکانی ئەفغانستان بڵاویان کردووەتەوە، هەرچەندە هۆی ڕووداوەکە ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام بە گوتەی شایەتحاڵەکان بە هۆی پابەند نەبوونی شۆفێرەکان بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ و خێرا لێخوڕینەوە بووە.