نوێترین کتێبی شیعریی "هیچ مەڵێ" بڵاو دەبێتەوە
K24 - هەولێر
نوێترین کتێبی شیعریی بە ناوی "هیچ مەڵێ" لەلایەن شاعیر ئارام محەممەد بڵاو کرایەوە و کەوتە بەردەستی خوێنەران.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئاداری 2024، ئارام محەممەد، شاعیر دەربارەی کتێبە شیعرە نوێیەکەی بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، کۆمەڵە هۆنراوەی نێو کتێبی (هیچ مەڵێ) پڕە لە گوتن و گوزارەی جوان بۆ ژیان و پەیامی خۆشەویستی و هەناسەی گەرمی ئاشقانە و خۆی لە خۆیدا درکاندن و هاتنە گۆیە لەسەر هەموو شتێک، مەحاڵە کە هۆنراوەکان دەخوێنیتەوە لە نێو چیرۆکی شیعرەکاندا ژیانی تۆش هەڵنەواسرابێ، لەساڵی 2024 بە یەکێک لە پەرتوکە جوانەکان و هەوڵە ئازاکان دادەنرێت له کایەی ئەدەبی کوردیدا.
ئەو دەشڵێت: "شیعرەکانی نێو کتێبەکە هەم برینن هەم دەرمان، هەم دۆستن و هەم دوژمن، جار جار پەلکێشت دەکەن بۆ دنیای سەرەڕۆ بوون".
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبە شیعرییەکە شاعیر گوتیشی: "ناوەڕۆکی کتێبەکە بریتیە لەشیعری ئەڤینی و کۆمەڵایەتی و نیشتیمانپەروەری".
ئارام محەممەد ڕاشیگەیاند، رەنگە ناونیشان و بەرگی کتێبەکە بۆ خوێنەر تازە بێت، بەڵام مەحاڵە دەنگی ئارام لەسەر ڤیدۆی کۆچی ئازیزانتان نەبوو بێت، کە ڕووخسارێکی ون و دەنگێکی زیندوو لە کۆتایدا هۆزانڤانێکی گەڕۆک و شاعیرێکی ئارام.