1500 مەشخەڵ بۆ ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێ ئامادە کراون

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

ئامادەکارییەکان بۆ ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێ تەواو بوون و زیاتر لە 1500 مەشخەڵ بۆ ئاهەنگەکە ئامادە کراون. هەشت گروپی خۆبەخشی گەنجان و لاوان سەرپەرشتیی ئاهەنگەکە دەکەن.

لە سەرەتای ڤیدیۆکە گروپێکی خۆبەخشی گەنج و لاوانی ئاکرێ دەردەکەون کە خەریکی ئامادەکردنی مەشخەڵن بۆ ئاهەنگی گەورەی نەورۆزی ئاکرێ کە رۆژی 20ـی ئاداری داهاتوو بەڕێوە دەچێت.

وەکو خۆیان دەڵێن، ئەم مەشخەڵانە سیمبوڵی ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێن و دەیانەوێت زۆرترین مەشخەڵ ئامادە بکەن بۆ ئەوەی ئاهەنگەکە جوانتر بکەن و شارەکەیان بڕازێننەوە.

هەندرێن موسلیح، گەنجێکی ئاکرێیە و دەڵێت، "چەند رۆژێک ماوە بۆ دەستپێکردنی ئاهەنگەکە و هەموو سەرنجمان لەسەر مەشخەڵەکانە. ئەمساڵ زۆرترین  مەشخەڵمان ئامادە کردووە، چونکە کاتێک هەڵیان دەکەین و دەیانبەینە سەری شاخەکان، جوانییەکی جیاواز دەدەنە نەورۆزی ئاکرێ".

رزگار حەسەن، یەکێکە لەو گەنجانەی ئامادەکاریی بۆ ئاهەنگەکە کردووە و باس لەوە دەکات، "بە شێوەیەکی زۆر باش خۆمان بۆ رۆژی ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێ ئامادە کردووە. هێندەی مەشخەڵی زیاتر ئامادە بکەین، ئاهەنگەکەمان جوانتر دەبێت".

ساڵانە لە ئاکرێ، لە رێگەی هەشت گروپی خۆبەخشی گەنج و لاوانەوە، ئەم مەشخەڵانە ئامادە دەکرێن. وەکو ئەوەی سەرپەرشتیارانی ئەم گروپانە باسی دەکەن، لەمساڵدا زیاتر لە 1500 مەشخەڵ بۆ ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێ ئامادە کراون.

نێچیرڤان کامیران، سەرپەرشتیاری ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێ، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بۆ ئەمساڵ 1500 مەشخەڵمان ئامادەکردووە و ساڵ بە ساڵ ئاهەنگەکەمان جوانتر و ناوازەتر دەکەین. ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو خۆمان ئامادە کردووە".

ئەو مەشخەڵانەی ئامادە کراون، ئێوارەی رۆژی 20ـی ئەم مانگە، لەلایەن سەدان گەنج و لاوی خۆبەخشەوە بەرەو بەرزاییەکانی شاخەکانی ئاکرێ دەبردرێن و دیمەنێکی جوان و ناوازە دەدەنە ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێ.

ساڵانە ئاهەنگی نەورۆز لە قەزای ئاکرێ لە شوێنەکانی دیکە سەرنجی زیاتری لەسەرە، بەهۆی ئەو رێوڕەسمەی تێیدا دەکرێت و هەڵکەوتەی جوگرافیایی شارەکە.