ریاڵ مەدرید خۆی لە بەریەککەوتن لەگەڵ ئێمباپێ دەپارێزێت

کیلیان ئێمباپێ و لۆگۆی ریاڵ مەدرید
کیلیان ئێمباپێ و لۆگۆی ریاڵ مەدرید

بابەتی گواستنەوەی کیلیان ئیمباپێ بۆ ریاڵ مەدرید تا ئێستاش بابەتێکی گەرمی میدیایە و هەر رۆژەو نهێنییەکی ئەو بابەتە ئاشکرا دەکرێت.

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان باس لە کێشەیەكی گەورە لە گرێبەستی یاریزانە فەرەنسییەکە لەگەڵ ریاڵ مەدرید دەکەن.

ئێمباپێ دەیەوێت 100% مافی وێنەکانی لەگەڵ ریاڵ مەدرید هەبێت و میدیاکان ئەوە بە کێشەی سەرەکی گرێبەستەکە دەزانن، بەڵام یانە ئیسپانییەکە تا ئێستا هیچ شتێکی لەو بارەیە نەگوتووە.

رامۆس ئالڤارێس رۆژنامەنووسی رادیۆی مارکا دەڵێت: ریاڵ مەدرید و ئێمباپێ لەبارەی ئەو کێشەییە پێشتر رێککەوتوون، کە 90%ی مافی وێنەکان بۆ یاریزانە فەرەنسییەکە دەبێت.

رۆژنامەنووسەکە ئەوەش دەڵێت: زۆربەی یاریزانەکانی ریاڵ مەدرید مافی 50% یان زیاتری وێنەکانیان هەیە بۆیە ئەوە بابەتێکی نوێ نییە بۆ یانە شاهانەکە و لەسەر ئەو بابەتە کێشە لەگەڵ ئێمباپێ دروستناکات.

لە ساڵی 2022 کیلیان ئێمباپێ و فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسی لەسەر مافی وێنەکان کێشەیان بۆ دروستبوو بۆیە ئەو بابەتە لای میدیاکان بە شێوەیەکی بەربڵاو باس دەکرێت.

لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ ریاڵ مەدریدیش لویس ئینریکی راهێنەری پاریس سانجێرمان ئەوەی راگەیاندبوو: لە کۆتایی ئەم وەرزە ئێمباپێ یانە فەرەنسییەکە بەجێدەهێڵێت.

کیلیان ئێمباپێ تەمەنی 25 ساڵە و یاریزانی پاریس سانجێرمانە، لە کۆتایی مانگی 6ی ئەمساڵ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە کۆتایی دێت و بەهای یاریزانەکە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 180 ملیۆن یۆرۆیە.