میلیشیاکان بە هەڵوەشێنەری بنەماکانی پێکهێنانی دەوڵەتی نوێی عێراق دادەنرێن

گرووپ و میلیشیا چەکدارەکانی عێراق
گرووپ و میلیشیا چەکدارەکانی عێراق

K24 - هەولێر

گرووپ و میلیشیا چەکدارەکانی عێراق لەژێر دەیان ناو و ئاڵای جیاواز و بە جێبەجێکردنی ئەجێندای وڵاتانی دراوسێ، بە هۆیەکی سەرەکیی هەڵوەشاندنەوەی بنەماکانی هاوبەشی، رێککەوتن و هاوسەنگی دادەنرێن، کە دەوڵەتی نوێی عێراقی لەسەر پێکهێنراوە.

لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا گرووپە چەکدارەکان هێز و توانایەکی ئابووریی و سەربازیی گەورەیان دەستکەوتووە و بوونەتە دەوڵەتێکی هاوتەریب لە عێراقدا.

گرووپە چەکدارەکان بەشێکن لە دەستەی حەشدی شەعبی و ژمارەی ئەندامانیان 238 هەزار کەسە و لە 73 گرووپی چەکداریی پێکهاتوون.

زۆربەی ئەو گرووپانە لە دەشتی نەینەوا و ناوچەی بۆشایی ئەمنی جموجۆڵیان هەیە، لەوانەش کەرکووک و خورماتوو رێکخراوی بەدر و لیوای 16-هێزی تورکمانی سەید عەلی حوسێن چالاکییان هەیە.

لیوای 21ی بەدر لە مووسڵ لیوای 24 لە دیالە چالاکییان هەیە، لە تکریتیش لیوای محەممەد جەواد و هێزی شێری ئامرلی.

هاوکات لە ئامرلی هێزی مەهدی تەقی ئامرلی و لیوای 52 لە تەلەعفەر جموجۆڵیان هەیە و لە نەینەواش حەشدی پێکهاتەکان کە لە کریستیان و شەبەک پێکهاتووە.

لە پارێزگای سەلاحەدین بە لیواکانی 41،42،43ی  عەسائیب ئەهلولحەقی قەیس خەزعەلی و لیواکانی 2،11،26،44ی حەشدی عەتەبات چالاکن.

گرووپە چەکدارەکانی دیکەش کە لە ژێر ناوی مقاوەمەی ئیسلامین بریتین لە: سەرایا خوراسانی ئەحمەد یاسری، جوندولئیمام، ئەنسارولحوجەی ئەحمەد فورەیجی، کەتائیبی ئیمام عەلی شبل زەیدی، کەتائیبی سەیدولشوهەدای ئەبوئالاء وەلائی، بزووتنەوەی نوجەبای ئەکرەم کەعبی و کەتائیبی حزبوڵڵا.

گرووپە چەکدارەکان بە راستەوخۆ لە لایەن حکومەتی عێراقەوە پارەدار دەکرێن و لە سەرەتای دامەزرانی حەشدی شەعبییەوە زیاتر لە بیست تریلیۆن دیناریان بۆ تەرخان کراوە، ئەمە جگە لەوەی بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە لایەن ئێرانەوە لە پێناو جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی ئەو وڵاتە پارەدار دەکرێن.