قایمقامی ئاکرێ: ئاهەنگی نەورۆز بە چاودێریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەڕێوە دەچێت

د. دلاوەر هەرکی، قائیمقامی ئاکرێ
د. دلاوەر هەرکی، قائیمقامی ئاکرێ

K24 - هەولێر

قایمقامی ئاکرێ ڕایدەگەیەنێت، ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێ بە چاودێریی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەڕێوە دەچێت. دووپاتیشی کردەوە، هەموو ئامادەکارییەکانی ئاهەنگەکە تەواو بوون.

ئەمڕۆ دووشەممە، 18-03-2024، لیژنەی باڵای ئامادەکاریی ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێ کە د. دلاوەر هەرکی، قایمقامی ئاکرێ سەرۆکایەتیی دەکات؛ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پلانی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی ئاهەنگەکە خستەڕوو و کۆتاییهاتنی ئامادەکارییەکانیان ڕاگەیاند.

د. دلاوەر هەرکی، قایمقامی ئاکرێ ڕایگەیاند: "ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێ، رۆژی 20ـی ئادار، بە چاودێریی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و هەزاران میوان لە ناوخۆ و دەرەوە بەڕێوە دەچێت".

د. دلاوەر هەرکی ئاماژەی بەوەش کرد، "فێستیڤاڵەکە کاتژمێر 06:50 ی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 20-03-2024، لە دوای بەربانگ دەست پێدەکات. سەرەتای فێستیڤاڵەکە هەزاران مەشخەڵ دەبردرێنە بەرزاییەکانی (کەلا ئاکرێ، کەلە کەڤنێ، رەزێ میری، خرکا و گرێ تۆپا). کاتژمێر 07:40 خوولەکی ئێوارەش، یارییە ئاگرینەکان لە (کەلا ئاکرێ  و کەلە کەڤنێ) دەتەقێندرێنەوە. لەگەڵ سروودی ئایینی و نیشتمانی بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر مانگی ڕەمەزان نەبێت".

سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی ئاهەنگەکە ڕوونیشیکردەوە، "لە کاتژمێر 01:00ـی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 20ـی ئادار، فولکەی "کانیمانکرۆک"ـی ئاکرێ بەڕووی شۆفێراندا دادەخرێت. تەنها ڕێگە بە نەخۆشان، یان ئەوانەی حاڵەتێکی پەلەیان هەیە، دەدرێت لەو ڕێگەوە هاتووچۆ بکەن".

وەکو ئەوەی قایمقامی ئاکرێ ئاماژەی پێکرد: "هێزە ئەمنییەکان ئامادەکاریی تەواویان بۆ ڕێوڕەسمەکە کردووە. لێرانەوە دەمەوێت رایبگەیەنم، هەر کەسێک لەو ڕۆژەدا تەقە بکات، دەستگیر دەکرێت و رووبەڕووی توندترین ڕێکاری یاسایی دەکرێتەوە".

قایمقامی ئاکرێ ئەوەشی خستە ڕوو، "تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە سەرتاسەری شاری ئاکرێ بڵاوەیان پێ دەکرێت بۆ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو. هاوکات تیمەکانی کارەبا و تەندروستیش ئامادەکارییان کردووە؛ هەموو ئەمانە بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە پێشوازیی لە میوان و گەشتیاران بکرێت".