بۆچی پارتی دژی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی هەڵوێستی وەرگرت؟

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

دوای بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و راگەیاندنی هەڵوێستی فەرمی لەبارەی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی دادگای فیدراڵی لە دژی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێ و هۆکارەکانیش بۆ کوردستانیان و عێراقییەکانیش روونە.

رۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە: "لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خالەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پڕۆسەی سیاسی دا".

لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاندووە: "بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".

لە ساڵی 2017، دوای ئەوەی فایەق زێدان بە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دیاریکرا، قۆناغێکی نوێ لە کاری دادگای فیدراڵی بەدیکرا و لە زۆربەی بڕیارەکانیدا توندبوون بەرامبەر هەرێمی کوردستان و هەمیشە لەلایەن سەرکردایەتی سیاسیی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژ بە هەرێمی کوردستان بە سیاسی و نادەستووری وەسفکراوە.

هەر لەو کاتەدا و لە (20ـی تشرینی دووەمی 20217) دادگای فیدراڵی، ریفراندۆمەکەی 25ـی ئەیلوولی خەڵکی هەرێمی کوردستانی به‌ نادەستووری هەژمارکرد و ئەنجامەکەی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، دوای ئەوەش رق و دژایەتی ئەو دادگایە لە دژی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمی و یاساییەکانی زیاتر بوو، تا گەیشتە زەوتکردنی مافە دەستوورییەکان لە هەڵبژاردنی و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ ناردنی قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش مووچەی پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان.

دادگای فیدراڵی نادەستوورییە و دژی قەوارەیەکی دەستوورییە

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە دژی هەرێمی کوردستان تەنیا لە بوارێکی دیاریکراودا نەبووە، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی بڕیارەکانی بە ئاراستەیەک دەرکردووە، کە کاریگەری لەسەر قەوارەی دەستووریی و یاسایی هەرێمی کوردستان هەبێت و ببێتە هۆی لاوازبوونی، بەڵام هەرێمی کوردستان بەهێزتر بەرامبەر ئەو بڕیارانە وەستاوەتەوە و بەرگری لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە یاساییەکانی کردووە.

لە ماددەی (92)ـی دەستووری عێراق کە لە 2005 لە راپرسییەکی گشتیدا لەلایەن زۆرینەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە پەسەندکرا، ئاماژە بەوەکراوە کە دەبێت یاسایەک لە پەرلەمانی عێراق بۆ پێکهێنان و کارکردنی دادگای باڵای دەستووری دەربچوێندرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی نەگەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق و لە ناوەڕاستی مانگی 12ـی 2023، نووسینگەی سوودانی بەردەوامی کارەکانی ئەو لیژنەیەی بۆ پێداچوونەوە بە رەشنووسی پرۆژەیاساکە راسپێردراوە، راگەیاند.

هەر بەپێی ماددەی 92ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، دادگای باڵای فیدراڵی دەستەیەكی سەربەخۆی دادوەری باڵایە، كە بەرزترین دەسەڵاتی داوەرییە و لە ژمارەیەك دادوەر و فوقەهای ئیسلامیی و یاسایی پێكدێت.

هەرچەندە لە مانگی شوباتی 2022، دادگای فیدراڵی بڕیاری نادەستووری بوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی دەرکرد کە یاساکە لە ساڵی 2007 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەکرا و لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرابوو، لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هەناردەکردنی نەوت و پابەندبوون بە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکان بەردەوام بوو.

دادگای فیدراڵی و بڕیارەکانی لە دژی هەرێمی کوردستان

تەنیا لە ساڵی 2023، دادگای فیدراڵی دادبینی بۆ زیاتر لە 10 سکاڵا لە دژی هەرێمی کوردستان کردووە و چەندین بڕیاری دەرکردووە، لە کاتێکدا بەگوێرەی دەستووری عێراق، دەبێت لەسەر بنەمای یاسایەکی پەسەندکراو لە پەرلەمانی عێراق ئەو دادگایە پێکبهێندرێتەوە و تاوەکو ئێستاش ئەوە ئەنجام نەدراوە. لە سەرەتای ساڵی 2023ـەوە تاوەکو مانگی ئاداری 2024، دادگای فیدراڵی چەندین بڕیاری دیکەی لە دژی هەرێمی کوردستان دەرکرد وەک لە خوارەوە هاتووە:

یەکەم: یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کورسی پێکهاتەکان

رۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی، دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

یەکێکی دیکەش وەک ئەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بە نەبوونی دادپەروەری لە دابەشکردنی کورسییەکان، کە ئاماژەی بە کورسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە کردووە کە بەپێی دابەشکردنە نوێیەکە، پارێزگای هەڵەبجە دەبێتە خاوەنی سێ کورسی لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.

سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (ماددەکانی 1، 9، 15، 22 و 36) تۆمارکرابوو کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکرابوون. ئەمەش بووە جێی نیگەرانی هەردوو پێکهاتەی تورکمان و کریستیانەکان کە دژی ئەوەبوون کورسی کۆتای پێکهاتەکان کەمبکرێتەوە یاخود دابەش بکرێت بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن بەپێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێکهاتەکان 11 کورسی کۆتایان لە پەرلەمان هەبوو بەشێوەیەک پێنج کورسی بۆ تورکمان و پێنج کورسی بۆ کلدان و ئاشووری و سریانەکان و یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان، کە لەسەر بنەمای هەمان یاساش، شێوازی دەنگدان و کێبڕکێ کردن لە نێوان دەنگدەران و نوێنەرانی ئەو پێکهاتانە دەبوو بەشێوەی یەک بازنەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەڵام دادگای فیدراڵی هەڵیوەشاندەوە.

رۆژی (12ـی ئاداری 2024) نوێنەرانی 10 حزب و لایەنی سیاسیی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، لە دژی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی، بڕیاریان داوە بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن، هەروەها رۆژی (14ـی ئاداری 2024) لیستی میللەتی تورکمانیش لە راگەیەندراوێکدا بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردنەکە راگەیاند، دواتریش لە رۆژی (17ـی ئاداری 2024) پارتی ئیرادەی تورکمانیش رەتیکردەوە بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردن بکات.

پێشتریش لە رۆژی (11ـی ئاداری 2024) پارت و هێزه‌كانی كلدانی، سریانی، ئاشووری و ئه‌رمه‌نی له‌ کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌وانیدا بایکۆتکردنی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستانیان راگەیاند.

بۆیە مەکتەبی سیاسیی پارتی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە: "بە نەهێشتنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان لە ياساى هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، یەكێك لە گەرەنتیە سەرەكییەكانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد و هەلی یەکسان و دادپەروەرانە لە هەرێمی کوردستاندا پێشێلکرا". 

دووەم: رێگریکردن لە ناردنی بڕی 400 ملیار دیناری مانگانە

لە 25ـی کانوونی دووەمی 2023، دادگای فیدراڵی لە بڕیارێکدا ناردنی بڕی 400 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە نادەستووری دانا، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لە هەرێمی کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و جارێکی دیکە داواکرایەوە، مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان بە ناکۆکییە سیاسییەکان و پرسە هەڵپەسێدراوەکانی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدا نەبەسترێتەوە.

ئەم بڕیارەش لە کاتێکدا بوو چەند مانگێک بوو بە بەشداری لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە کورد، سوننە و شیعە کابینەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سوودانی پێکهاتبووم بۆیە سەرۆک بارزانی لە پەیامێدا رایگەیاند‌: "جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگەی فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردووە و بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی كێشەكان".

سێیەم: راگرتنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان

لە (30ـی ئایاری 2023) لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، دادگای فیدراڵی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە کە بە یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9-10-2022، بە زۆرینەی دەنگ لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرابوو.

ئەم بڕیارە بووە هۆی ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان جارێکی دیکە دوابکەوێت و ئەرکی سەرپەرشتیکردنیشی کەوتە ئەستۆی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان.

چوارەم: رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک

رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک کە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزە چەکدارەکانی دیکەی عێراقەوە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە داگیرکرابوون، یەکێک بوو لە خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و کارنامەی پێکهێنانی کابینەکەی سوودانی، بەڵام دوای بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکان بە پارتی گرژی و ئاڵۆزی لە کەرکووک دروستبوو.

بەهۆی سکاڵایەکی عەرەبە هاوردەکانەوە بە پشتیوانی لایەنە شۆڤێنییەکانی شارەکە، دادگای فیدراڵی لە سەرەتادا بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگرت و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئاڵۆزییەکانی کەرکووک زیاتر پەرەبسێنێت و خۆپیشاندانەکانی 3ـی ئەیلوولی لێبکەوێتەوە و بووە هۆی شەهیدبوونی چوار گەنجی کورد بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان و دەستگیرکردنی 40 کەسی دیکە.

ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، جیاواز لە هەموو رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان کە بۆ وەرگرتن و بەدواداچوون و بڕیاردان لەسەر سکاڵایەک دەیگرێتەبەر، بۆ ئەو سکاڵایەی تایبەت بە رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، لە رۆژێکدا سکاڵاکەی وەرگرت و کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و بڕیاریشی بۆ دەرکرد.

تا دواجار لەژێر فشارەکاندا، لە رۆژی (12ـی تشرینی یەکەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا بە گەڕانەوەی بارەگاکە بۆ پارتی و پابەندبوونی یاسایی هەموو لایەنەکانیش بەو بڕیارەی یەکلایی کردەوە، کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دابوو رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە.

پێنجەم: راگرتنی کارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان

هاوشێوەی بڕیارەکانی دیکەی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە، دادگای فیدراڵی لە (24ـی ئەیلوولی 2023) بڕیاریدا بە کۆتاییهێنان بە کارکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بەسەرچوونی ماوەی تەمەنی یاساییان لە کاتێکدا لە ئامادەنەبوونی پەرلەمانی کوردستان، بۆشاییەکی یاسایی دیکە لە هەرێمی کوردستان دروستکرا.

بەگوێرەی لێدوانی رۆژنامەوانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تەنیا ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان خستە بۆشایی یاساییەوە، چونکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوو رێگەی هەیە، ئەویش یەکەمیان بە دەنگدانی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە یاخود بە دەنگدانی دوو لەسەر سێ ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بڕیاربدەن بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

لە رۆژی (30ـی نیسانی 2014) هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و دۆخی هەرێمی کوردستانەوە نەکرا لە حوزەیرانی ساڵی 2018 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت، بۆیە بە بڕیارێكی پەرلەمانی کوردستان تەمەنی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک درێژکرانەوە.

شەشەم: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

دوای 18 ساڵ، لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەڕێوەدەچوو، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتبەرەوە، بووە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە شارەکە، بەڵام بەهۆی دواخستنی بڕیاردان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لەسەر دوو سکاڵای عەرەب و تورکمانەکان کە داوای دواخستنیان کردبوو، نیگەرانی لای هەموو لایەنەکان دروستکرد.

دوای چەندین جار لە دواخستنی دانیشتنەکانی، تەنیا شەش رۆژ پێش بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتی و چوار رۆژ پێش دەنگدانی تایبەت، لە رۆژی (12ـی کانوونی یەکەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاریدا، ئەو دوو سکاڵایەی رەتبکاتە کە داوایان کردبوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوابخرێت.

لەو دوو سکاڵایەدا داواکرابوو تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکووک جارێکی دیکە وردبینی تێدا بکرێتەوە و ناوی 257 هەزار دەنگدەری کورد لە کەرکووک لە تۆمارەکە دەربهێندرێت، کە مەبەست لەو داوایەش بێبەشکردنی ئەو هاووڵاتییانەی کەرکووک بوو لە سەردەمی رژێمی بەعس ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوونە و دوای ساڵی 2003 گەڕاونەتەوە کەرکووک.

حەوتەم: دۆخی کەرکووک و یاسای هەڵبژاردنەکان

رۆژی (28ـی ئابی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری ناده‌ستووریبوونی ژماره‌یه‌ك مادده‌ و بڕگه‌ی یاسای ژماره‌ی 4ـی ساڵی 2023ـی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌ركرد و لە خاڵی شەشەمدا، بڕگەی دووەمی ماددەی 37ـی بە نادەستووری داناوە کە تایبەتە بە سزادانی ئەو کەسانەی رێگری دەکەن لە کردنەوەی بارەگا یان چالاکی لایەنە سیاسییە رێگەپێداوەکان.

یه‌كێك له‌و ماددانه‌ی دادگای فیدراڵ بڕیاری ناده‌ستووریبوونی له‌سه‌رداوه‌، مادده‌ی 14ی یاساكه‌یه‌ کە بڕگەی دووەمی ماددەی 37ـی یاسای ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەمواکردووەتەوە كه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، "هه‌ركه‌س و لایه‌نێك رێگری له‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان بكات له‌ كردنه‌وه‌ی باره‌گاكانیان و رێگه‌ نه‌دات حزبه‌كان موماره‌سه‌ی چالاكییه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیان بكه‌ن، سزای زیندانیكردنی به‌لایه‌نی كه‌م بۆ ماوه‌ی ساڵێكی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت".

ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی رێگەخۆشکەر بوو بۆ ناسەقامگیربوونی دۆخی کەرکووک لە کاتێکدا لایەنەکان ئامادەکارییان دەکرد بۆ دەستپێکردنی کێبڕکێی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و کاریگەری لەسەر رەوشی سیاسیی و دۆخی ئاسایشی هاووڵاتییان لە شارەکە و گوندە کوردنشینەکانی کەرکووک دروستکرد.

هەشتەم: دروستکردنی ئاستەنگ بۆ ناردنی مووچە

رۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی چەند بڕیارێکی ناڕوونی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستانەوە دەرکرد کە بووە هۆکاری ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

دوای کات کوشتنێکی زۆر بە پاساوی پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سەرئەنجام وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی بەشێک لە مووچەخۆرانی بە چوار لیست نارد بە بری نزیکەی 560 ملیار دینار کە پێکهاتووە لە لیستی خانەنشینی مەدەنی و سەربازیی، تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، کەسوکاری شەهیدان لەگەڵ 37 وەزارەت و دەستە. هاوکات حکومەتی ناوەندی هیچ بڕە پارەیەکی بۆ کەسوکاری شەهیدان، هێزەکانی پێشمەرگە، وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی هەرێم نەناردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە دانیشتنی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی (13ی ئاداری 2024) ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی مووچەی مانگی ئادار بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە ناکات تاوەکو هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە، بەڵام هەرزوو دادگای فیدراڵی و حکومەتی عێراق روونکردنەوەیاندا بۆ رەتکردنەوەی لێدوانەکەی وەزیری دارایی عێراق، کەچی تەیف سامی تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی شوباتیشی بە تەواوی نەناردووە.

رۆژی (15ـی ئاداری 2024) سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران وردەکاری پارەی فیعلی رەوانەکراوی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردەوە، کە کۆی گشتی پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 16 ترلیۆن و 497 ملیار دینارە لە یاسای بودجە، بەڵام بەغدا 998 ملیار دیناری وەک پشک و سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناریشی وەک قەرز رەوانەکردووە.

لە کۆبوونەوەی رۆژی (13ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، کە نابێت هیچ لە رێکارەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ، ببنە مایەی بێبەشکردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە مووچەکانیان کە شایستەی دارایی خۆیانە و دەبێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بۆیە جەخت دەکاتەوە کە پێویستە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت و نابێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بێبەش بکرێن لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختیشی کردەوە، کە وەک چۆن مووچەخۆرانی عێراق، ئازادن لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەو بانکانەی هەژماری لێ دەکەنەوە، بە هەمانشێوە پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، ئازادبن لە چوارچێوەی (هەژماری من)دا، لە چ بانکێک هەژمار بکەنەوە. لە ئێستادا ئێستا پێنج بانک بەشدارن لە پرۆژەکە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا چەندین بانکی تریش دەبنە بەشێک لە پرۆژەکە.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی وئابووری ئاماژەی دا بەوەی کە وەزارەتەکەی، داوای تەمویلکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردبوو بە بێ جیاوازیی بۆ مانگی شوباتی 2024 بە بڕی ( 949,813,146,170) ملیار دینار، بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تەنيا بڕی 560 ملیار و 219 ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە رێژەی تەنيا (%59) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم و ئەمەش وادەکات کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات دروست ببێت.