بە زیاتر لە پێنج ملیار دینار بەردی بناغەی یاریگای وەرزشی سێمێل دانرا

دانانی بەردی بناغەی یاریگای وەرزشی سێمێل
دانانی بەردی بناغەی یاریگای وەرزشی سێمێل

K24 – هەولێر:

لەسەر رەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی یاریگای وەرزشی سێمێل دانرا کە ئەم پرۆژەیە لە ماوەی 480 رۆژدا ئەنجام دەدرێت و زیاتر لە پێنج ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.

رۆژی دووشەممە (18ـی ئاداری 2024) بە ئامادەبوونی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و حزبی ناوچەکە و پارێزگای دهۆک، بەردی بناغەی یاریگای سێمێل دانرا کە لەسەر رووبەڕی 48 دۆنم زەوی دروست دەکرێت و گوژمەی پێنج ملیار و 263 ملیۆن و 300 هەزار دیناری بۆ تەرخانکراوە.

دروستکردنی ئەم یاریگا نوێیە لە قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک، بەشێکە لە پرۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گرنگیدان بە ژێرخانی وەرزشی و چالاکییە وەرزشییەکان لەپێناو خزمەتکردنی گەنجان و وەرزشکاران لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند: دروستکردنی ئەم یاریگایە بە پشتیوانی و رەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغە بۆ یاریگای یانەی سێمێلی وەرزشی دادەنرێت و پیرۆزباییشی لە وەرزشکاران و گەنجانی سێمێل و پارێزگای دهۆک کرد.

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەکی زۆر لە وەرزشکاران و گەنجان کە خولیای وەرزشییان هەیە بۆیە هیوادارین بە دروستکردنی ئەم یاریگا وەرزشییە ئاستی وەرزشی لە ناوچەکە زیاتر بەرەوپێشبچێت.

نەخشەی یاریگاکە
نەخشەی یاریگاکە