مەرجەکانی کورد و سوننە لەنێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت جێبەجێ نەکراون

کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت (ئەرشیف)
کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

دوای ساڵێک و پێنج مانگ لە پێکهێنانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، تاکڕەوی و خۆسەپاندنی لایەنە شیعەکان و پشتگوێخستنی کورد و سوننە وایکردووە، هیچ کام لەو خاڵە سیاسیانەی هاوپەیمانێتییەکەی لەسەر پێکهێنراوە جێبەجێ نەکرێت.

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دوای ململانێیەکی خوێناوی ناوخۆیی هێزە شیعەکان، بە بەشداریی کورد، چوارچێوەی هەماهەنگی و سوننەکان پێکهات.

سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق هەریەکەیان بە خەون و دیدگا و کۆمەڵێک مەرجەوە چوونە ناو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی محەممەد شییاع سوودانی لە تشرینی یەکەمی 2022؛ بەڵام دوای زیاتر لە ساڵێک و پێنج مانگ خۆسەپاندن و پێشێلکردنی هاوبەشیی راستەقینە، کورد و سوننە لە ئەدای هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و جێبەجێنەکردنی مەرجەکانیان نیگەرانن، چوارچێوەی هەماهەنگی کە خۆیان بە خاوەنی حکوومەتەکەی سوودانی دەزانن هیچ کام لە مەرجەکانی کورد و سوننەیان جێبەجێ نەکردووە.

گرنگترین مەرجەکانی کورد بۆ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بریتی بوون لە: چارەکردنی یەکجاریی کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان؛ هەموارکردنەوەی یاسای دادگەی فیدراڵی؛ ناردنی یاسای نەوت و گاز بۆ پەرلەمان و لەگەڵ جێبەجێکردنی ماددەی 140.

مەرجەکانی سووننەش ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان بوو، لەگەڵ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی بەنداکراوەکانیان و دەرکردنی یاسای لێبووردنی گشتی، لەگەڵ کشانەوەی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچە سوننەکان؛ بەڵام دۆخی ئێستای عێراق ئەوەمان پێ دەڵێت، هیچ کام لەو مەرجانەی کورد و سوننە جێبەجێ نەکراون، بە پێچەوانەوە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی خۆیان چۆن پێیان خۆشبووبێت وا مامەڵەیان کردووە، تەنها کاتێک شەراکەتیان وەبیرهاتووەتەوە کە پێویستییان بە سوننە و کورد بووبێت.

دەستوەردانی گرووپە چەکدارەکانی و خۆسەپاندنی هێزە شیعییەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ڕێگر بووە لەوەی حکوومەتەکەی سوودانی ئەو کارنامەیەش جێبەجێ بکات کە بەڵێنی دابوو لە کاتی دەستبەکاربوونیدا.

ئەمانە هەموو، لە کاتێکدان کورد و سوننە هەرچەندە هاوبەشی سەرەکیی شیعەن، بەڵام پشتگوێ خراون و دادگای فیدراڵی بەردەوامە لە وەشاندنی گورزی نادەستووریی لە بەرژوەندییەکانی ئەم دوو پێکهاتەیە.

دیاریش نییە تاکڕەوی و عەقڵیەتی تاکڕەوی و حساب نەکردن بۆ هاوبەشی و دەستوور، عێراق بەرەو چ تونێلێکی تاریک دەبەن.