ترەمپ بۆ ناتانیاهۆ: ئەوەی دەستت پێکردووە خێرا کۆتایی پێ بهێنە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

K24 - هەولێر

دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، بۆ یەکەمین جارە داوا لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکات کە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە ڕابگرێت.

دۆناڵد ترەمپ کە کاندیدی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و ئەگەرێکی بەهێز هەیە ببێتەوە سەرۆکی ئەو وڵاتە، لە دوایین چاوپێکەوتنی میدیاییدا لەگەڵ کەناڵێکی وڵاتەکەی، بۆ یەکەمین جار داوا لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکات هێرشەکانی بۆ سەر غەززە ڕابگرێت و ڕێگەی ئاشتی بگرێتەبەر. وەکو خۆی دەڵێت، ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمەریکا، ئاشتی و سەقامگیریی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێنێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ گوتی: "پێویستە ناتانیاهۆ ئەوەی دەستی پێکردووە بە خێرایی کۆتایی پێ بهێنێت، چونکە ئێمە پێویستمان بە جیهانێکە ئاسایش و سەقامگیر بێت و ئاشتی تێدا بێت. ئەگەر من ببمەوە بە سەرۆک دوو شت دەکەم؛ شەڕی ئۆکرانیا ڕادەگرم و ئاشتی و سەقامگیریی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێنمەوە".

بەگوێرەی ئامارەکان، لە دوای ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر و هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە؛ نزیکەی 32 هەزار کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە 73 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

کاترین ڕاسل، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە رێکخراوی یونسکۆ ئاشکرای دەکات، بەهۆی هێڕشەکانی ئیسرائیل 13 هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە. هاوکات دەشڵێت، "منداڵان لە کەرتی غەززە بەجۆرێک لە دۆخی بەدخۆراکی و کەم خوێنیدان توانا و وزەی گریانیان نەماوە".

هاوکات ئاژانسی فریاگوزاری بۆ کاروباری ئاوارەکانی فەڵەستین "ئۆنڕوا" سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت: یەک لەسەر سێی منداڵانی خوار تەمەن دوو ساڵ لە کەرتی غەززە گيرۆدەی  بەدخۆراکی توندن.

لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بەشی زۆری کەرتی غەززە خاپوور بووە، هاوکات لە کۆی زیاتر لە 2 ملیۆن و 300 هەزار کەس لە شارەکە ، یەک ملیۆن و نیویان لە کەمپەکانی نزیک کەرتی غەززە لە شارێکی بچووک "ڕەفەح"ـە نیشتەجێبوون.

ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشکردنە سەر شارەکە دەکات و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو نیازەی ئیسرائیل هۆشداریی کارەساتی مرۆیی دەدات، هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا دەکات ئیسرائیل هێرشەکانی ڕابگرێت و ئاگربەستی هەمیشەیی ڕابگەیەندرێت.

بەهۆی زۆری ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە و قەیرانی برسێتی و تۆمەتبارکردن بەرێگریی لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بە هاووڵاتییان و ئاوارەبووەکانی شارەکە؛ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئیسرائیل ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە. ئیسرائیل وێڕای ڕەتکردنەوەی بەشێک لە تۆمەتەکان، جەختیش لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تاوەکو بنبڕکردنی "بزووتنەوەی چەکداری حەماس" دەکاتەوە.