گۆڕان: پێویستیمان بە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکان

لۆگۆی بزووتنەوەى گۆڕان
لۆگۆی بزووتنەوەى گۆڕان

K24 - هەولێر

بزووتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19-03-2024، بزووتنەوەی گۆڕان دوای هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "پێویستیمان بە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە بە بەشداریی و و لێکتێگەیشتنی هەموو لایەنە سیاسییەکان".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندارەکەدا هاتووە، "لە هەموی پڕبایەختر لە ڕێگەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی کوردستانەوە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە، 18-03-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە بڵاوکردەوە.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونیکردووەتەوە، "لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خاڵەکانی ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پڕۆسەی سیاسی دا".

مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نا دەستووری و نا دیموكراسی، و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستوور کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی دەکرێت بەگشتی، و سەپاندنی هەموارە نادەستوریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".