سەرۆکی مۆساد دانووستانەکانی قەتەری جێهێشت

دەیڤید بارنیا سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)
دەیڤید بارنیا سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)

K24 - هەولێر

ڕادیۆی فەرمی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی وڵاتەکەی بڵاوی کردەوە، دانووستانەکانی ئاگربەست دەوحە نەرێنی بوون و پێشبینیشی کردووە گفتوگۆکان ئاڵۆز و درێژخایەن بن.

دەیڤید بارنیا سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) ئەمڕۆ سێشەممە دانووستانەکانی ئاگربەستی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر جێهێشت، بەڵام ماجد ئەنساری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، دانووستانەکان لەگەڵ شاندی تەکنیکیی ئیسرائیل بەردەوامە و تەنیا دەیڤید بارنیا بۆ ڕاوێژلەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی چۆتەوە ئیسرائیل.

ئەنساری لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئۆپراسیۆنی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح دەبێتە وێرانکارییەکی گەورە کە پێشینەی نەبووبێت.

هەروەها بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئێزگەی فەرمی وڵاتەکەی گوتووە: گەڕی ئەمجارەی دانووستانەکان دوو هەفتە دەخایەنێت، ئەمەش پرۆسەیەکی درێژ و ئاڵۆز و قورس دەبێت، بەڵام هەوڵدەدەین و دەمانەوێت ڕێکبکەوین.

دوای زیاتر لە پێنج مانگ لە شەڕ و پێکدادانی سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە، هەوڵەکانی ئاگربەست جارێکی دیکە بە نێوەندگیری ئەمەریکا و میسر و قەتەر دەستی پێکردەوە و ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ـی ئەمەریکیش بڵاوی کردووەتەوە، ئیسرائیل و حەماس لەژێر فشاردان بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک کە تێیدا دەستگیرکراوان ئازاد بکرێن و ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە ڕاگەیەندرێت.