شوان زراری: دۆخەکە یا بە گشتیی دەگۆڕێت، یانیش دوژمن چۆک دا دەدات

شوان زراری، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان
شوان زراری، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان

K24 - هەولێر

پەرلەمانتارێکی پێشووی كوردستان ڕایگەیاند، یان دۆخەكە بەگشتیی دەگۆڕێ، یان دوژمن ناچار دەبێت چۆك دابدات.

ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی ئاداری 2024، شوان زراری، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای هەڵوێستی پارتی، یان دۆخەكە بەگشتیی دەگۆڕێ، یانیش دوژمن ناچار دەبێت چۆك دابدات.

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "سەرۆك بارزانی لە داستانی خواكوڕك ئەم گوتەیەی فەرموو، دواتریش بینیمان چی ڕووی دا، ئێستەش ئەوە هەنگاوی یەكەم بوو، چاوەڕوان بن چۆن دوژمن بە چۆكدا دێت".

گوتەکانی شوان زراری پەرلەمانتاری پێشوو لە كاتێكدایە كە پارتی دیموكراتی كوردستان، دوێنێ‌ بڕیاری دا بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات و قبووڵ نەكات سیستمێكی سەپێنراو هەبێت و هەڵبژاردن بەڕێوە ببات و ئیرادەی گەلی کوردستان ڕادەستی لایەنەکان و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و شیعەکان بکات.

ڕۆژی دووشەممە، 18-03-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە بڵاوکردەوە.

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "لایەنەکانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەرپرسیارییەتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و سەرجەم خاڵەکانی ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شییاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".

مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارییەتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵیی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نادەستووری و نادیموكراسی و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکارییە  دەستوورییانەی  لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی، و سەپاندنی هەموارە نادەستووریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".