پسپۆڕێکی بواری وزە: ئێستە عەقلیەتێکی ناوەندگەرا لە عێراق فەرمانڕەوایی دەکات

K24 - هەولێر

پسپۆڕێکی بواری وزە ڕایگەیاند، ئێستە عەقلیەتێکی ناوەندگەرا لە عێراق فەرمانڕەوایی دەکات، بۆ ئەوان گرنگە بەغدایەکی بەهێزیان هەبێت و دەسەڵات لەیەک شوێن کۆبکرێتەوە.

شەهریار شێخلەر، پسپۆڕی بواری وزە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەگەر بیر لە قسەکانی سەرۆکی دادگای فیدراڵی بکەینەوە، کە باسی لە دژایەتیی هەرێمێکی سوننە کردووە،  دەردەکەوێت کە ئێستە عەقلیەتێکی ناوەندگەرا فەرمانڕەوایی دەکات لە عێراق.

گوتیشێ: بۆ ئەوان گرنگە بەغدایەکی بەهێزیان هەبێت و دەسەڵات لەیەک شوێن کۆبکرێتەوە، ئەگەر سەیری هەنگاوەکانی دادگای فیدراڵی بکەین، هەر لەدژایەتی کردنی یاسایی نەوت و گاز و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کورستان و قەیرانی مووچە، هەموو ئەوانە هەنگاوی سیاسین، نەک هەنگاوی تەکنیکی.

شەهریار جەختیکردەوە، عێراق زیاتر لە 100 ساڵە خاوەنی پیشەسازی نەوت و گازە، بەڵام تاوەکو ئێستا یاسایەکی نەوت و گازی نییە، بۆیە دەیانەوێت بەگوێرەی بەرژەوەندی ئەو کەس و حکوومەتانە بێت کە دێنە سەر دەسەڵات نەک بەشێوەی دەستوور بێت کە ناتوانن دەستی لێبدەن، ئەمەش عەیبەیەکی زۆر گەورەیە.

دەشڵێت: بۆ ئەوان قورس بوو کە هەرێمی کوردستان خاوەنی یاسای نەوت و گاز بێت، بەڵام عێراق تاوەکو ئێستە یاسایەکی لەو شێوەیەی نییە، بۆیە یەکەم جار هەوڵی ئەوەیان دا یاسایی نەوت و گازەکە هەڵبوەشێننەوە و دواتر هەنگاوەکانی دیکە بگرنەبەر.

ڕاشیگەیاند، لەبیرمانە لەساڵانی ڕابردوو چەند ڕەشنوسێکیان ئامادە کرد کە لەو ڕەشنووسانەدا هیچ دەسەڵاتێک بۆ هەرێم یان پارێزگاکان نەبوو، بەڵکو هەموو دەسەڵات و ڕێنماییەکان لەژێر دەسەڵاتی ناوەند بوو.