جێرمی گرینستۆک بۆ کوردستان24: زۆر گرنگە پێکهاتەکان خاوەنی کورسیبن لە پەرلەمانی کوردستان

جێرمی گرینستۆک، باڵیۆزی پێشووتری بەریتانیا لە عێراق
جێرمی گرینستۆک، باڵیۆزی پێشووتری بەریتانیا لە عێراق

K24 – لەندەن:

باڵیۆزی پێشووتری بەریتانیا لە عێراق راگەیاند، زۆر گرنگە پێکهاتەکان خاوەنی ماف و کورسیبن لە پەرلەمانی کوردستان، چونکە مافیان هەیە و دەبێت خاوەنی رای خۆیان بن.

رۆژی سێشەممە (19ـی ئاداری 2024) جێرمی گرینستۆک، باڵیۆزی پێشووتری بەریتانیا لە عێراق بەکوردستان24ـی راگەیاند: پێویستە دەسەڵاتی دادوەری عێراق سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و نەکەوێت ژێر هەژموونی دەسەڵات و لایەنەکانی دیکە.

جێرمی گرینستۆک گوتی: "زۆر گرنگە لە عێراقدا کە کورد، سونە، شیعە و پێکهاتەکانی دیکەی تێدادەژی هاوسەنگی هەبێت. لە پەرلەمان و دەستووری عێراقیشدا مافیان پێدراوە، پێویستە لە پەرلەمانی کوردستانیش جێگەیان بۆ بکرێتەوە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، باڵیۆزی پێشووتری بەریتانیا لە عێراق باسی لەوەشکرد: "زۆر مەترسیدارە ئەگەر دەنگی کەمینەکان نەگات و بەداخەوەم کە دادگای فیدراڵی ئەو کورسایەنی لێوەرگرتوونەتەوە".

لەبارەی کورسی کۆتاکانەوە، جێرمی گرینستۆک ئاماژەی بەوەکرد: "لە زۆرینەی وڵاتەکان کورسی کۆتا بۆ ژنان و پێکهاتەکان تەرخانکراوە، گرنگ نییە ژمارەی کورسییەکانیان کەمبێت بەڵام پێویستە نوێنەرایەتییان هەبێت، پێویستە دەسەڵاتی دادەوەری لە عێراقدا سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و تێکەڵاوی لەنێوان دەسەڵاتەکان نەکرێت".

رۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی، دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (ماددەکانی 1، 9، 15، 22 و 36) تۆمارکرابوو کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکرابوون. ئەمەش بووە جێی نیگەرانی هەردوو پێکهاتەی تورکمان و کریستیانەکان کە دژی ئەوەبوون کورسی کۆتای پێکهاتەکان کەمبکرێتەوە یاخود دابەش بکرێت بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن بەپێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێکهاتەکان 11 کورسی کۆتایان لە پەرلەمان هەبوو بەشێوەیەک پێنج کورسی بۆ تورکمان و پێنج کورسی بۆ کلدان و ئاشووری و سریانەکان و یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان، کە لەسەر بنەمای هەمان یاساش، شێوازی دەنگدان و کێبڕکێ کردن لە نێوان دەنگدەران و نوێنەرانی ئەو پێکهاتانە دەبوو بەشێوەی یەک بازنەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەڵام دادگای فیدراڵی هەڵیوەشاندەوە.

رۆژی (12ـی ئاداری 2024) نوێنەرانی 10 حزب و لایەنی سیاسیی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، لە دژی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی، بڕیاریان داوە بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن، هەروەها رۆژی (14ـی ئاداری 2024) لیستی میللەتی تورکمانیش لە راگەیەندراوێکدا بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردنەکە راگەیاند، دواتریش لە رۆژی (17ـی ئاداری 2024) پارتی ئیرادەی تورکمانیش رەتیکردەوە بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردن بکات.

پێشتریش لە رۆژی (11ـی ئاداری 2024) پارت و هێزه‌كانی كلدانی، سریانی، ئاشووری و ئه‌رمه‌نی له‌ کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌وانیدا بایکۆتکردنی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستانیان راگەیاند.

بۆیە مەکتەبی سیاسیی پارتی لە بەیاننامەکەی رۆژی (18ـی ئاداری 2024)ـدا ئاماژەی بەوەکردووە: "بە نەهێشتنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان لە ياساى هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، یەكێك لە گەرەنتیە سەرەكییەكانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد و هەلی یەکسان و دادپەروەرانە لە هەرێمی کوردستاندا پێشێلکرا".